زەریف نهێنییەکانی تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی دەگێڕێتەوە

K24 - هەولێر

کتێبێکی نوێی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، نهێنی شەوی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستیک بۆ سەر بنکەی "عەین ئەسەد" کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدا نیشتەجێبوو لە عێراق ئاشکرا دەکات، کە لە 8ـی کانوونی دووەمی 2020، لە تۆڵەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی ڕوویدا.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردەوە، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران کتێبێکی بەناونیشانی "عمق ئەلسەبر" بڵاوکردووەتەوە کە تیشک دەخاتە سەر هەشت ساڵی ئەرکەکانی لە پۆستەکەیدا، کە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2021 لەو پۆستەدا بووە و ئاماژە بەوە دەکات، کە یەکەم بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "پەلەکردن لە تۆڵەسەندنەوەدا نییە" کاریگەرترین شێوازیش ئەوەیە کە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانیەوە دەکرێت.

لە کتێبەکەی زەریف دا هاتووە، دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی "عەین ئەسەد"، زەریفی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی جێگرەکەیەوە پێگەیشت، کە تیایدا لە هێرشەکە ئاگاداری کردۆتەوە، دوای عێراقچی بانگەوازێکی ئاراستەی باڵیۆزی سویسرا کرد کە چاودێری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات، کە تێیدا پەیامێکی ئێرانی گەیاندووە، لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی.

زەریف ئاماژەبەوە دەکات کە ئەمەریکییەکان چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە زانیارییان لە ئێرانییەکان وەرگرتووە و دەشڵێت: حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران و وەزارەتی دەرەوە چەند کاتژمێرێک دوای عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هێرشەکە ئاگاداربوون.

زەریف نووسیویەتی: "ئاگادارکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارێکی دروست و گونجاو بوو، بەڵام ئەوەی پرسیار دەوروژێنێت ئەوەیە، بۆچی سەرۆککۆماری ئێران، رووحانی و وەزیری دەرەوەیان ئاگادار نەکردەوە؟".

زەریف دەڵێت: ئەوەی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕوویدا، "تاڵترین ئەزموونی سەردەمی وەزارەتەکەی" بووە.

مانگی ڕابردوو عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سەبارەت بە وەرگرتنی پەیامی ئێران، نهێنییەکی ئاشکرا کرد و بۆ یەکەمجار ئەم بەسەرهاتەی ڕاگەیاند و گوتی: بە مەبەستی "سەلماندنی ڕێزگرتن لە ئەمەریکا"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران لە سەردەمی بایدن ڕێز لە ئەمەریکا ناگرێت.

ترامپ گوتیشی: لە بەرانبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، لەبەر ئابڕووی خۆیان ئێران ناچاربوو وەڵام بداتەوە، ئەمەش ئاساییە، دواتر ئاگاداریان کردینەوە کە 18 مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی ئەمەریکی لە عێراق دەکرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ نایکەنە ئامانج، بەڵکو تەنها دەوروبەری بنکەکە دەکەنە ئامانج، ترامپ ڕوونیشی کردەوە، هیچ سەربازێکی ئەمەریکی لە بۆردومانەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە، چونکە ئەو مەبەستی ئێرانی دەزانی.