چوار ئەندامی خێزانەکانی داعش ڕادەستی حکوومەتی ئیسپانیا کرانەوە

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دوو ئافرەت و دوومنداڵی خێزانە داعشە دەست بەسەرکراوەکانی کەمپی رۆژی ڕادەستی شاندێکی حکوومەتی ئیسپانیا کردەوە و راشیگەیاندووە، پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی خێزانی چەکدارە داعشەکان بە وڵاتەکانیان بەردەوامە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەندامانی خانەوادە بیانییەکانی چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەشدا دەستەی کاروباری دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە قامشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتی ئیسپانیا کردووە و دوو ئافرەت و دوو منداڵی بە ڕەچەڵەک ئیسپانیان لە کەمپی ڕۆژ ڕادەستی شاندێکی حکوومەتی ئیسپانیا  کردووەتەوە.

پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانە داعشەکانی لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە بە ئامانجی داخستنی کەمپەکان، تا وەکوو ئێستە 34 ئافرەت و منداڵی چەکدارانی بیانی داعش ڕادەستی شاندی حکوومەتی ڕووسیا کراونەتەوە.

هەروەها بۆ پرسی داخستنی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ، سەرەتای ئەم مانگە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) بڵاویکردووەتەوە، مایکڵ ئێریک کۆرێلا لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی هەردوو کەمپی رۆژ و هۆلی کرد، لەگەڵ بەرپرسان و بەشێک لە ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکان لەسەر گەڕاندنەوەی خانەوادەی داعشە دەستگیرکراوەکان و ئاوارەکان بۆ وڵاتەکانیان و زێدی خۆیان گفتوگۆی کرد.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە چل و پێنج هەزار ئاوارە لە هەردوو کەمپی رۆژ و هۆل هەن، لەگەڵ زیاتر لە نۆ هەزار ئەندامی دەستگیرکراوی داعش کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دان.