سەرمەد بەیاتی: سەردانی سوودانی بۆ واشنتن کاریگەریی لەسەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت

سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی
سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئەمنی، رایدەگەیەنێت؛ کێشەکانی هەولێر و بەغدا سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆکانی نێوان سوودانی و بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت.

سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا تاوتوێی دۆسیەی زۆر گرنگ و هەستیار دەکرێت، یەکەمیان چالاککردنی رێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی پەیوەندی واشنتن و بەغدا لە هەموو بوارەکان ببێتە پەوەندییەکی درێژخایەن.

ئەو شارەزایە ئەمنییە، دەڵێت: بابەتێکی دیکە کە باسی دەکرێت پرسی دۆلارە، هەروەها گرنگترین بابەتیش کە باسی لێوەدەکرێت تایبەت بە هەرێمی کوردستانە، لەسەر پرسی مووچە، گەڕانەوەی ئاوارەکان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە گشتی تاوتوێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەدا، کاتێک بایدن چاوی بە سوودانی دەکەوێت هەموو چارەسەرییەکانی دەخاتە بەر دەمی، بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق چارەسەر بکرێن.

ئەو شارەزایە ئەمنییە، دەڵێت: رەنگە ئەو سەردانە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە بەهۆی ئەوەی کە ئەمەریکا فشار لە سوودانی دەکات کە دەبێت کێشەکان چارەسەر بکات.

سەرمەد بەیاتی، باسی لەوەشکرد، هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کەمبووەتەوە، بە تایبەتی دوای هێرشەکەی سەر ماڵی شەهید پێشڕەو، چونکە عێراق جەختی لەوە کردیتەوە کە ئەوە ماڵی کەسێکی ئاسایی بووە و ماڵی سیخوڕی مۆساد نەبووە.

رۆژی هەینی (22ـی ئاداری 2024)، کارین ژانپیێردا، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 15ـی مانگی داهاتوودا سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی سوودانی و بایدن وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، "هاوئاهەنگیکردن بۆ تەوەرە هاوبەشەکان و بەهێزتر کردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق" دەبێت.

ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی محەممەد شیاع سوودانی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا و، هاوکات دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە.