پارتێکی سویسری جووتیارێک دەکاتە سەرکردەی خۆی

سویسڕا
سویسڕا

K24 - هەولێر

پارتی "یو دی سی" سویسری ڕاستڕەوی توندڕەو کە گەورەترین هێزی سیاسیی وڵاتەکەیە، مارسێل دیتلینگی جووتیاری وەک سەرۆکی نوێ دەستنیشان کرد کە ئەویش پشتگیریی لە هێڵێکی توند دەکات سەبارەت بە پەنابەران.

دیتلینگ تاکە کاندید بوو، لە کۆبوونەوەی نوێنەران لە شاری لانگنتال لە باکووری سویسرا بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

ئەم پەرلەمانتارە تەمەن 43 ساڵە و نوێنەرایەتی کانتۆنی شفیتز دەکات، ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەری بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەو پارتە بووە و تاڕادەیەکیش زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سویسرادا زاڵ بووە.

دیتلینگ دوای دەستبەکاربوونی گوتی: "لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی و سەربەخۆیی خۆمان و ڕێگە نادەین بیانییەکان بە فەرمانڕەوایی کردنیان هەراسانمان بکەن." گوتیشی، "میللەت حوکم دەکات نەک بیرۆکراتەکان".

لە ساڵی رابردوو، مارکۆ کیێسا، سەرۆکی پێشووی ڕاستڕەوی توندڕەو ڕایگەیاند، دەست لە پۆستی سەرۆکی پارتەکە دەکێشێتەوە و خۆی بۆ خولی سەرۆکایەتی کاندید ناکاتەوە.