سوننەکان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن

سوننەکان: سەرۆک بارزانی خەمخۆری چارە کردنی کێشەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

هەر سێ هاوپەیمانێتی، عەزم، حەسم و سیادە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەوڵی لایەنەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سەرۆکی پەرلەمان بڵاوکردەوە و تیایدا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن لە پێناو خەمخۆرییەکانی بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەو سێ هاوپەیمانێتییە سوننەیە جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ناو پەرلەمان و یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەکەن، ئەوەش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.

عەزم، حەسم و سیادە ئاماژەیان داوە، پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووریی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێک دەبێت بە ئاراستەی چالاکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان لە ئەرکەکانی یاسادان و چاودێریی.

ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا، بەم بڕیارە ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی پێشتر لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا روویان دابوو.

هەروەها بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی لە دوای 2003 لە سەر دامەزراوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سوننەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستە هێزە سوننەکان لە سەر کاندیدێکی هاوبەش رێک نەکەوتوون بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

ڕاگەیەندراوی هاوبەشیی هەر سێ هاوپەیمانێتی عەزم، حەسم و سیادە
ڕاگەیەندراوی هاوبەشیی هەر سێ هاوپەیمانێتی عەزم، حەسم و سیادە