عێراق.. پێدانی مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بە چەند چین و توێژێک ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە

دوو هاووڵاتیی عێراقی خەریکی کڕینی چەکن
دوو هاووڵاتیی عێراقی خەریکی کڕینی چەکن

K24 - بەغدا

سەرەڕای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق کە تایبەتە بە دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، چەند ڕۆژێک دوای ئەو بڕیارە؛ وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی دا بە پێدانی چەک بە دەرمانسازەکان و چەند چین و توێژێکی دیکە، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە.

پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە هێشتا خەمی سەرەکیی هاووڵاتییانی عێراقە. حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان سەرەڕای بەڵێنە زۆرەکانیان نەیانتوانیوە ئەو جۆرە بڕیارانە جێبەجێ بکەن و سەرەڕای بڕیاری کڕینی چەک لە هاووڵاتییان، هێشتا بەشێکی هاوڵاتییان لەناچاریدا هەوڵی پەیداکردنی چەک دەدەن.

جاسم غورابی، پسپۆڕی کاروباری سیاسی یەکێکە لەوانەی کە وەک خۆی دەڵێت، بەبێ چەک لە ماڵ دەرناچێت، هۆکارەکەشی بۆ "نەبوونی ئاسایش و لاوازیی دامەزراوە ئەمنییەکان لە پاراستنی هاووڵاتییان" دەگەڕێنێتەوە.

جاسم ئەلغورابی، پسپۆڕی کاروباری سیاسی دەڵێت، "کاتێک لە ماڵ دەردەچم بەتایبەت شەوان، بۆ هەرشوێنێک ئەگەر بمەوێت بڕۆم سەرەتا تەماشای راست و چەپی خۆم دەکەم و بەبێدەنگی هەنگاو ئەنێم. ئێمە وەکو کەسە دیار و سیاسییەکان، راستە چەکمان خۆشناوێت، بەڵام ئەمڕۆکە چەک هەڵگرتن بۆ ئێمە بووەتە کارێکی پێویست".

شارەزایانی ئەمنیش پێیان وایە سەرەڕای بوونی چەندین دامەزراوەی ئەمنی، بەڵام هێشتا نەتوانراوە وڵاتەکە بکرێتە خاوەن ئاسایشێکی باش و بەهێز.

ئەمیر ساعدی، شارەزای ئەمنی ئاماژە بەوە دەدات: "خێرایی کاری دامەزراوە ئەمنییەکان نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی کە بڵێین، دەتوانن ڕێگری لە ڕوودانی هەندێک رووداوی نەخوازراو بکەن. پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک بابەتێکی ئاسان نییە و ناتوانرێت لە هیچ حاڵەتێکدا جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێمە خۆمان هێشتا پارێزگاری لێ دەکەین، یان یاساکە لانیکەم مافی خاوەندارێتیی لە هەموو خێزانێک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون داوە کە چەکێکی هەبێت".

چەند بەرپرسێکی ئەمنی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاند، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک کارێکی ئەستەم و قورسە، هۆکارەکەشیان بۆ "بوونی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و چەک لەدەستی هۆز و عەشیرەتەکان" گەڕاندەوە، باوەڕیشیان وایە، ئەو هۆیانە وایان کردووە ئەم بابەتە ببێتە خەونێکی  بەدینەهاتوو.