لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا پتر لە 120 گەنج کوێر کراون

K24 - هەولێر

ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی بێرکڵی لە کالیفۆرنیای ئەمەریکا لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە درێژەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن رژێمی ئێران، زیاتر لە 120 خۆپیشاندەر چاوەکانیان بە تەواوی لە دەست داوە یان چاوێکیان کوێر کراوە.

هەر لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی ئەو ناوەندە زانکۆییە دەرکەتووە، ئەو گەنجانەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە تاپڕ و گازی فرمێسکڕێژ کوێر کراون، بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و تەمەنیان لە ژێر 30 ساڵەوەیە، لە نێویاندا کچێکی پێنج ساڵان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوێر کراوە کە لە باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە تەماشای خۆپیشاندانەکانی کردووە.

هەروەها کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەفتەی رابردوو لە جنێڤ، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دژایەتی مرۆڤایەتی تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا بە تاوان دژی مرۆڤایەتی، مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە.