نەیجەر.. داعش 30 سەربازی کوشت

K24 - هەولێر

لە پۆستێکدا لە ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکەی بۆ سەر سوپای نەیجەر ڕاگەیاند، کە بە وتەی خۆیان  30 سەربازیان کوشتووە.

لە بەیاننامەی رێکخراوەکە هاتووە، "لە نزیک شارۆچکەی تیگوی لە ناوچەی تیلابێری لە ڕۆژئاوای وڵاتی نەیجەر کاروانێکی سەربازیی نەیجیەر کەوتە بۆسەیەکمانەوە و تێیدا 30 سەرباز کوژران".

وەزارەتی بەرگریی نەیجەر ڕایگەیاند: لە هێرشەکەدا 30 سەرباز کوژراون و 17 سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە هێرشێکی دیکەشدا 30 سەربازی دیکەش کوژراون.

نەیجەر یەکێکە لەو چەند وڵاتانەی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕووبەڕووی یاخیبوونێکی چەکداری زۆر دەبنەوە کە ماوەی 12 ساڵ لە مالی ەوە بۆ ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

شکستی دەسەڵاتداران لە پاراستنی خەڵکی سڤیل، بووەتە هۆی کوودەتای سەربازیی لە مالی، بورکینافاسۆ و نەیجەر لە ساڵی 2020ەوە.

لای خۆیانەوە، ئەنجوومەنی سەربازی کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا پچڕاند، کە هاوکاری هەوڵی سەربازیی ناوخۆیان دەدا، هێزەکانی فەرەنسی و هێزەکانی دیکەی ئەوروپایان دەرکرد و لەبری ئەوە پەنایان بۆ ڕووسیا برد.

سەرەتای هەفتەی ڕابردوو حوکمی سەربازی لە نەیجەر دەستبەجێ ڕێککەوتنێکی سەربازیی هەڵوەشاندەوە کە ڕێگەی بە ئامادەبوونی کارمەندانی سەربازی و کارمەندانی مەدەنی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە سەر خاکی ئەو وڵاتە دابوو.