پۆڵەندا.. بانگەشەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن مووشەکی ڕووسیاوە دەکات

K24 - هەولێر

فەرماندەیی مەیدانی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا بانگەشەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکە کرد لەلایەن "مووشەکی کرووزی ڕووسیا" کراوە.

لە بەیاننامەکەی فەرماندەییەکەدا هاتووە، شەوی رابردوو لەلایەن ڕووسیاوە بە مووشەکی کروز ئاسمانی وڵاتەکە بەزێنراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆڵەندا، مووشەکەکە بۆ ماوەی 39 چرکە لە ئاسمانی پۆڵەندا ماوەتەوە و دوای ئەوەش ئاسمانی پۆڵەندا بەجێ هێشتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کرا، کە مووشەکەکە چووەتە ناو ئاسمانی پۆڵەندا لە ناوچەی گوندی ئۆسێردۆی سەر بە پارێزگای لوبلینا، سیستەمی ڕاداری سەربازیش توانیویەتی بە درێژایی گەشتەکە چاودێری و بەدواداچوونی بکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بێت لایەنی پۆڵەندی هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو ئەو گوتانەی بسەلمێنێت.

جاسێک گۆریسێڤسکی، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا ڕایگەیاند: ڕێڕەوی فڕینی مووشەکەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەرەو "ناو وڵات" ناڕوات.

گوتیشی: "لە بەیانی زووەوە سەرجەم سیستەمی ڕادارەکانمان لە ئامادەباشیی بەرزدا بوون، جووتێک فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ئەرک کراون بۆ چاودێریی ئاسمانی وڵات".

سوپای پۆڵەندا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند بوو کە ڕووداوێکی هاوشێوە ڕووی داوە. لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 سێرگی ئەندرێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە وارشۆ ڕایگەیاند: "پۆڵەندا بەڵگەی نەخستووەتە ڕوو کە مووشەکێکی ڕووسی ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندبێت" .