پسپۆڕێکی نەوت و وزە: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر بازاڕی جیهان هەبووە

K24 – هەولێر

پسپۆڕێکی نەوت و وزە ڕایگەیاند، چوار لایەنی سەرەکیی لە ناو کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانن، هەروەها حکوومەتی عێراق زەرەرمەندە، چونکە پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بۆیە دەکرا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت تاوەکو مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.

د. جگەر هەرکی، پسپۆڕی نەوت و وزە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چوار لایەنی سەرەکی لە ناو کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

گوتیشی: زەرەرمەندی یەکەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، بەتایبەتی مووچەخۆران، چونکە لەکاتی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە، حکوومەتی هەرێم نەیتوانیووە ئەو بودجەیەی هەبێت کە بتوانێت مووچە دابەش بکات. هەروەها حکوومەتی عێراقیش زەرەرمەندە، چونکە پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بۆیە دەکرا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت تاوەکو مووچەی مووچەخۆران بنێرێت. لەبەرئەوە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیان دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن زەرەریان پێدەکەوێت، گوتیشی: ئەو کۆمپانیایانە جگە لەوەی داهاتییان کەمی کردووە، لەهەمان کاتدا بۆ ناوبانگیان خراپە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، چونکە وەبەرهێنانێکی زۆریان بۆ سامانی نەوت کردووە، ئەویش کێشەی هەیە.

جەختیشی کردەوە، جێگای داخە بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق، کە نزیکەی سەدەیەکە خاوەنی پیشەسازی نەوت و گاز بیت و نەتوانیت کێشەیەکی وەها چارە بکات، ئەمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ناوبانگ و متمانە بە عێراق خراپ دەبێت، هەروەها لاوازیی حکوومەتی عێراق نیشان دەدات، کە زیاتر بڕیاری سیاسی کاریگەری لەسەر ئابووریی و پێشکەوتنی ئابووری هەیە.

ئەو پسپۆڕەی نەوت و وزە ڕاشیگەیاند، حکوومەتی عێراق وەکو حکوومەتێکی فیدراڵ بۆ پرەنسیپەکانی پێشکەوتنی ئابووری و پیشەسازیی لاوازە، تەنها بڕیاری سیاسیی کاریگەرە. ئەگەرنا، بەهەموو شێوازێک حکوومەتی عێراق زەرەرمەندە، هەروەها حکوومەتی هەرێم جگە لەوەی کە ئەتوانێت سیاسییەن بەشدارێکی کاریگەری سیاسیی بێت لە حکوومەتی فیدراڵدا، ئێستا ئامادەیە لە ڕووی داهات و ئابووریشەوە بەشدار بێت لە رێگەی ئەو وەبەر هێنانەی لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان دا کراون.