پۆڵەندا داوای روونکردنەوە لە ڕووسیا دەکات

سەربازانی پۆڵەندا لە سنووری ئۆکرانیا
سەربازانی پۆڵەندا لە سنووری ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە سەر ئەو مووشەکە ڕووسییەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە خاکی پۆڵەندا کەوتووەتە خوارەوە، داوای روونکردنەوە لە حکوومەتی ڕووسیا دەکات و رایگەیاندووە، جارێکی دیکە مۆسکۆ سەروەریی ئاسمانی پۆڵەندای بەزاند.

پاڤڵ ڤڕۆنسکی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ڕوونکردنەوەی لە حکوومەتی ڕووسیا کردووە و دەڵێت: بەر لە هەموو کارێک پێویستە ڕووسیای فیدراڵ، ئۆپەراسیۆن و هێرشە تیرۆریستییە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا و خاکەکەی ڕابگر‌ێت و کۆتایی بەم جەنگە بێنێت، لە بری ئەمەش بایەخ بە چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بدات.

هەروەها داواشی لە حکوومەتی ڕووسیا کردووە لە سەر ئەو مووشەکە کرووزەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سنووری ئاسمانی  بەزاند و لە ناو خاکی پۆڵەندا کەوتە خوارەوە، دەبێت روونکردەوە بدات.

سوپای ڕووسیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک ناوەندی کیێڤی پایتەخت و شاری لڤیڤی لە نزیک سنووری پۆڵەندا مووشەکباران کرد و سەرۆکی شارەوانی لڤیڤ، مەکسیم کوزیتسکی رایگەیاندووە، ڕووسیا ناوچەی سەترای لە باشووری لڤیڤ مووشەکباران کردووە.

هەروەها فەرماندەیی هێزەکانی پۆڵەندا رایگەیاندووە، بە درێژایی شەو چاودێریی جوڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیایان کردووە لە ناوچە نزیکەکانی سنووری پۆڵەندا.