هاووڵاتییانی سلێمانی پڕۆژەی 'هەژماری من' به‌ گرنگ ده‌زانن

K24 – سلێمانی:

هاووڵاتییانی شاری سلێمانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، بە پرۆژەیەکی گرنگ و دەستەوکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێن، تا ئێستاش زیاتر لە 19 هەزار فەرمانبەر رێکارەکانی 'هەژماری من'ـیان لە پارێزگای سلێمانی بۆ تەواوکراوە.

ژمارەیەک هاووڵاتیی سلێمانی بە کوردستان24ـیان راگەیاند، پڕۆژەی هەژماری من دەستکەوتێکی نیشتمانییە و، سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هیچ کەس و لایەنێک خاوەنی نین، هەورەها ئەم پڕۆژەیە مایەی سەربەرزییە بۆ هەموو گەلی کورد.

یەكێك لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی رۆتینیاتە لە سەرجەم ناوەندە حكومی و كەرتە تایبەتیەكان لە پێناو كار ئاسانیكردن بۆ كاروباری هاووڵاتییان، بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەش كێشەی نەبوونی پارەی كاش چارەسەردەبێت.

لای خۆیەوە خالید حەیدەر، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ـی گوت: مامەڵەکردن بە پارەی کاش مەترسی هەیە چونکە زۆر جار پارەی ساختە تێیدا دەبێت، لە رێگەی بەکارهێنانی هەژماری بانکییەوە ئەو کێشەیە نامێنێت، هەروەها لە رێگەوە ئەو هەژمارەوە هاووڵاتییان دەتوانن لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری سەردەمیانە سوودمەندبن.

پڕۆسەی ھەژماری من بەردەوامە و تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 19 ھەزار فەرمانبەریش ناویان لە پڕۆژەكە تۆماركراوە.