سه‌ڵاح حه‌سه‌ن: له رێگه‌ی 200 كارمه‌ندی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هاوكاری زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی دهۆكمان كرد
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی پارێزگای دهۆك، جێگرى بەرێوبەری ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌و پارێزگایه رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌مووكات ده‌زگای خێزخوازی بارزانی بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆی ئاماده‌یه.
سه‌ڵاح حه‌سه‌ن جێگرى بەرێوبەری ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له پارێزگای دهۆک و به‌رپرسى به‌شى پرۆگرامى ئه‌م ئۆفیسه، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌كاتی دروستبوونی لافاوه‌كه‌ی دهۆك، گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه بوو بۆ شوێنێكی سه‌لامه‌ت، پاشان كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تاییمان گه‌یانده زیانلێكه‌وتووان.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی راشیگه‌یاند، له رێگه‌ی 200 كارمه‌ندی ده‌زگا و ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خش هاوكاریمان گه‌یانده زیانلێكه‌وتووان و هه‌روه‌ها شوێنه زیانپێگه‌یشتووه‌كانیشمان پاك كرده‌وه.
گوتیشی: "هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شمان گه‌یانده شوێنی سه‌لامه‌ت كه ماڵ و حاڵیان زیانیان به‌ركه‌وتبوو".
پێشتریش دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك رایگه‌یاندبوو، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 352 خاوەنخانوو قەرەبوو کراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.