پشتیوان سادق بۆ مامۆستایانی ئایینی: پێویستە بێدەنگ نەبین بەرانبەر بە پێنەدانی مافی شەرعی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە
K24 – هەولێر:
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی کرد و گوتی: "مامۆستایانی ئایینی ئێمە بێبەرامبەر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان کردووە، هەروەها گوتیشی: "پێویستە بەرانبەر بە پێنەدانی مافی مووچەخۆرانی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دەنگ ھەڵبڕین و داوای مافە یاسایی و شەرعییەکانمان بکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە (24ـی ئاداری 2024) پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخشی ناوەندی شاری هەولێر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ئەوقاف رایگەیاند، مامۆستایانی ئایینی لەنێو مزگەوتەکاندا بەوپەڕی گیانی ھاوکاری و خۆبەخشییەوە لەگەڵ خەڵک و رۆژوەواناندان، هاوکات ناوبراو پشتیوانی وەزارەتەکەی بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پشتیوان سادق، تیشکی خستەسەر دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان عێراق و گوتی: "لەسەر ھەموو لایەک پێویستە بەگیانی نیشتمانیانەوە بەرانبەر ئەو ستەمە بووەستینەوە، کە بە ناڕەوا دەکرێتە سەرمافی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
ناوبراو گوتیشی: "مامۆستایانی ئاینی ئێمە بەگیانی بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان کردووە، کە ئەمە بەشێکە لەئەرکی ئایینی و نیشتمانی، هەروەها پێویستە بەرانبەر بە پێنەدانی مافی شەرعی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، دەنگ ھەڵبڕین و داوای مافە یاسایی و شەرعییەکانمان بکەین.
وەزیری ئەوقاف، لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "کە دڵنیان پشت بەخوای گەورە و ئیرادەی بەھێزی خەڵکە سەربەرز، ئاییندەی گەش ھەر بۆ کوردستانە".