ئانۆ جەوهەر: یەکێتی هۆکاری نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان بوو

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی

K24 – هەولێر:

لێدوانە دژ بەیەکەکانی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ھەڵگرتنی کۆتای پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان وایکردووە کە پێکھاتەکان یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە دژی مافەکانیان بزانن. سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی ئاشکرای دەکات، "لێدوانی جیاجیاکانیان رووی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی كوردستان سپی ناکاتەوە بەوەی کە بەرامبەر بە ماف و ئازادی پێکھاتەکان کردیان".

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە بارەی کورسی پێکھاتەکانەوە، کۆتای پێکھاتەکان نەما ئێستا، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لێدوانی دژبەیەک بڵاو دەکەنەوە لەکاتێکدا ئەوان داواکەیان بردە دادگای فیدڕاڵی.

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێتی سکاڵای تۆمارکرد لە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت، هەروەها لێدوانە جیاجیاکانیان رووی بەرپرسانیان سپی ناکاتەوە بەوەی کە بەرامبەر بە ماف و ئازادی پێکھاتەکان کردیان".

ھەرچەندە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نیگەرانی پێكھاتەكان و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لێكەوتەوە، بەوەی بڕیارەكە یاسایی نییە ھێندەی سیاسییە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی پشتیوانی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەكەن.

لای خۆیەوە دڵشاد مستەفا وەسانی، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: یەكێتی شكستی ھێناوە لە پاراستنی ئەو ئەمانەتەی كە مام جەلال بۆی جێھێشتووە".