هاووڵاتییە فینلەندییەکان زەوییەکانی نزیک سنووری ڕووسیا جێدەهێڵن

سنووری نێوان فینلاند و ڕووسیا
سنووری نێوان فینلاند و ڕووسیا

K24- هەولێر

هیکی ئەهاتیانێن، جێگری فەرماندەی پاسەوانی سنووری ڕۆژهەڵاتی فینلەندا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، نیگەرانین لەوەی فینلەندییەکان زەوییەکانی نزیک سنووری ڕووسیا جێدەهێڵن.

ئاهتیانێن ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان یەکەم کەسن کە سەرنجی کەسانی گوماناویی سەر سنوورەکە دەدەن و پەیوەندی بە خزمەتگوزاریی سنوورییەوە دەکەن.

بەگوتەی ئەو، " لێشاوی ڕۆشتنی دانیشتووان لە ناوچە سنوورییەکانەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر دۆخی گشتیی سنوور لەگەڵ ڕووسیا هەبێت". هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، تەلبەندە سنوورییەکه به درێژی 200 کیلۆمەتر، سنوور بەتەواوی ناگرێتەوە و نابێته بەربەستێکی تەواو لەبەردەم کۆچبەرانی نایاسایی."

وەزارەتی ناوخۆی فینلاند پێشتر ڕایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی فینلاند بەنیازن بەخێرایی تەلبەندێک لەسەر سنووری  ڕووسیا دروست بکەن.

لە 9ـی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە فینلاند دەستی کردووە بە سەپاندنی سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران لە ڕووسیاوە لە ژێر ڕۆشنایی لێشاوی بێکۆنترۆڵی کۆچبەران لە وڵاتانی سێیەمەوە.