کۆریای باکوور خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆریای باکوور پشکنینی بۆ یەکەی سەربازی 105 کرد کە یەکەم یەکەی سەربازی بوو لە کاتی جەنگی کۆریادا گەیشتبووە ناو پایتەختی کۆریای باشوور.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور، KCNA، بڵاوی کردەوە، کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەردانی یەکەی زرێپۆشی 105ـی پاسەوانی "ڕیو کیونگ سۆ" و فەوجی یەکەمی زرێپۆشی پیادەی کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور، کیم ئەو یەکەیەی بە "هێمای ڕۆحی قارەمان و بوێرانە"ی سوپا وەسف کردووە و دەڵێت، "پێویستە ئاڵای کۆریای باکوور دووبارە بۆ تەواوی سوپا بەرز بکاتەوە و لە خەبات بەردەوام بێت و ڕاهێنانی چڕ بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەکارییەکان بۆ شەڕ بکات".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "کیم، ئەرک و ڕێنمایی گرنگی داناوە بۆ ئامادەکارییەکانی شەڕ و کارایی شەڕی یەکەکە بە هەموو شێوەیەک، لەوانەش پرسی چەکدارکردنی تیمەکانی تانکەکان بە هێزی ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقی سەرسەخت، ڕاهێنانی هەمەلایەنەیان لە لایەنە تەکنیکی و فیزیکییە سەربازییەکان و ئامێرە تەکنیکییەکانی شەڕ هەمیشە ئامادەبن بۆ فەرمان و کردار".

راشیگەیاند، لە سەردانەکەدا کورتەیەک لە پلانەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی هێرش و بەرگری یەکینەکە ئاگادارکرایەوە و دامەزراوەکانی پشکنی.

هەفتەی ڕابردوو کۆریای باکوور مووشەکی بالیستیی مەودای کورتی هەڵدا و تاقیکردنەوەیەکی زەمینی ئەنجامدا لەسەر ئەوەی کە بە وتەی خۆی بزوێنەرێکی سووتەمەنی ڕەقە بۆ مووشەکی نوێی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەند.