سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل.. ڕاگواستنی خەڵکی غەززە تاوانی جەنگە.

لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریدا لە هێرشی زەمینی بۆسەر رەفەح و دەربەدەرکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە و گوتی: "ڕاگواستنی خەڵکی غەززە دەبێتە تاوانی جەنگ". جەختی لەوەش کردەوە، فەرەنسا بەهەموو شێوەیەک دژی هێرشی زەمینییە بۆ سەر رەفەح.

هەروەها ماکرۆن داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد، هەرچیی زووە شەڕ ڕابگیرێت و سەرجەم دەروازەکانی تایبەت بە گەیاندنی هاوکاریی بۆ غەززە بکرێنەوە.

سەرۆکی فەرەنسا ویستی خۆی بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە راگرتنی شەڕی غەززە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیاند.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە زیاتر لە پێنج جارە پرۆژە یاسای تایبەت ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی خراونەتە دەنگدانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی زلهێزەکانەوە هیچ یەکێک لە پرۆژەکان دەنگی پێویستی نەهێناوە بۆ ئەوەی بکرێتە بڕیارێک و هەردوو لایەن پابەندی بکرێن.

چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕی غەززە لە کاتێکدان، کە سوپای ئیسرائیل پلانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە داڕشتووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ترسیان لە ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی هەیە، بەو پێیە چەند مانگێکە هاوکارییە مرۆییەکان ناگەنە خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە و بەهۆیەوە برسییەتی بڵاوبووتەوە، هاوکات کەرتی تەندروستیش لەو کەرتە بە تەواوی پەکی کەوتووە.