یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی بایکۆتکردنی هاوردەی داری ڕووسیا، پەنا بۆ هاوردەکردنی داری ئەمەریکا و تورکیا دەبات

K24 - هەولێر

دەستەی ئاماری ئەوروپا ڕایگەیاندووە، دوای سەپاندنی سزا بەسەر هاوردەکردنی دار لە ڕووسیا، یەکێتیی ئەوروپا ناچار بووە بۆ هاوردەکردنی دار ڕوو لە ئەمەریکا و تورکیا بکات.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2022، وەک بەشێک لە پاکێجی پێنجەمی سزاکانی دژی ڕووسیا، هاوردەی دار و بەرهەمە دارەکانی ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا قەدەغە کرا، پێش ئەوە ڕووسیا گەورەترین وڵات بوو کە دار و بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکرد.

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری ئەوروپا،  ساڵی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 11.4 ملیار دۆلار بەرهەمی داری کڕیوە، چین گەورەترین هەناردەکار بووە، لە کاتێکدا هاوردەکردن لە ساڵی 2021ەوە بە ڕێژەی 1% دابەزیوە و گەیشتووەتە 2.5 ملیار دۆلار. ئۆکرانیا لە پلەی دووەمدا هات و بە بەهای نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلاری داری هەناردە کردووە.

سەبارەت بە ئەمەریکا کە ساڵی ڕابردوو سێیەم هەناردەکاری گەورەی دار بووە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، دابینکردنی لە ماوەی دوو ساڵدا 1.6 گەیشتووەتە 1.3 ملیار دۆلار، هەروەها تورکیا توانی بە شێوەیەکی بەرچاو هەناردەی دار زیاد بکات، کە لە یەک کاتدا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 440 ملیۆن دۆلار، کامیرۆن بە ڕێژەی 31% و نەرویج (12%) و بەریتانیا (10%)یان لە هەناردەکردن تۆمار کردووە.

وڵاتانی دراوسێی ڕووسیا سوودیان لە سزاکانی ئەوروپا وەرگرتووە وەک، قرغیزستان قەبارەی هەناردەکردنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، کە بەهای هەناردەکردنی داری گەیشتووەتە 8.8 ملیۆن دۆلار.

هەروەها پێشتر پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، کۆماری چیک و ئیستۆنیا داوایان کردبوو کە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا هاوردەکردنی دانەوێڵە لە ڕووسیا و بیلاڕووسەوە سنووردار بکات.