محەممەد کەمال: شەپۆلەبارانەکەی گەرمیان بەنداوی باوە شاسواری سەرڕێژ کردووە

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی کەشناسی لە کەشناسیی کەلار ڕایگەیاند، لە ناوچەی گەرمیان بارانێکی زۆر باریوە و بەنداوی باوە شاسوار سەرڕێژ بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە کەلار، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لەماوەی هەفتەیەکدا زنجیرە شەپۆلێکی باشی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە هەفتەی ڕابردووەوە کەشێکی ناسەقامگیر کوردستانی گرتووەتەوە  و بڕێکی زۆرباش باران لە ناوچەکان باریوە.

بەگوتەی ئەو، "لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی نزمی چەقی پەستانی دەریایی ناوەڕاست بۆ پارێزگای دهۆک، زیانێکی زۆر و کارەساتی سروشتی مێژوویی لە ناوچەکەدا دروست کرد، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باش باریوە "

محەممەد کەمال گوتیشی: "شەپۆلەکەی دوێنێ شەوی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەکەی دەریایی سوور بوو، بە پلەی یەکەم ئیدارەی گەرمیان پارێزگای هەڵەبجەی گرتبووەوە، پلەی دووەم پارێزگای هەولێر، ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆرانی گرتبووەوە. پلەی سێیەمیش پارێزگای دهۆکی گرتەوە کە کەمترین بڕی بارانی تێیدا تۆمار کراوە."

ئەو شارەزایە دەشڵێت: "ناوچەی گەرمیان بارانێکی زۆر باش باریوە. هەروەها بەنداوی باوە شاسوار سەرڕێژی کردووە. بەگشتی ئەم جۆرە بارانە بۆ دەغڵ و دان پێویستە. بەڵام بارانێکی نەرم بێت و بۆ پچڕ پچڕ بێت، بۆ ئەوەی ئەو دەغڵەی ئێستا هەیە و پێویستی بە ئاوی بارانە، سوودی بۆی هەبێت، نەک بارانێکی بە خوڕ و تەرزەی لەگەڵدا بێت و زیان بەکەرتی کشتوکاڵ بە گشتی بگەیەنێت ".