شرۆڤەکارێکی ئابووری: حکوومەتی عێراق ناتوانێت بە تەنها دۆسیەی نەوتی کوردستان بەڕێوە ببات

عەبدولخاڵق محەممەد، شرۆڤەکاری ئابووری
عەبدولخاڵق محەممەد، شرۆڤەکاری ئابووری

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی ئابووری دەڵێت، "حکوومەتی عێراق ناتوانێت بە تەنها دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببات." ئاماژە بەوەش دەدات، "باشتر وایە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی کۆد بۆ بەغدا بنێردرێت".

عەبدولخالق محەممەد، شرۆڤەکاری ئابووری لە کاتی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ لەبارەی کێشە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "حکوومەتی عێراق ناتوانێت دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تەنها و بەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببات. ئەمە بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە".

عەبدولخالق محەممەد گوتیشی، "پێشتر لە هیچ وڵاتێکی جیهان ڕووی نەداوە، هەرێمێک لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی و دەزگا هەواڵگیرییەکان بداتە حکوومەتی ناوەندی، ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە پرسی مووچەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەمنیشەوە جێگەی مەترسییە".

ئەو شرۆڤەکارە ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کرد، "باشتر وایە ئەو لیستەی مووچە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێتە بەغدا، بکرێتە کۆد و لەگەڵ کوودەکەش ئیمزاش هەبێت. ئێستا سیستەمی ئەلیکترۆنی هەموو ئیمزاکان لە یەکدی جیادەکاتەوە، ئەگەر کەسێک دوو جار ئیمزا بکات، ئاشکرا دەبێت. باشترین چارە ئەوەیە ناوی مووچەخۆرانی دەزگا ئەمنییەکان نەنێردرێت، چونکە دەبێتە خاڵێکی مەترسیدار بۆ هەرێمی کوردستان".

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە کە دەکاتە ساڵێک پێش ئێستا، هه‌ناردەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ڕاگیراوە. به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی وزەی جیهاندا.

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن، بەوەی سەرەڕای ئەوەی لوولەی نەوتەکە ئامادەیە، بەڵام نایەوێت هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.