پارتی یەکێتیی نەتەوەیی: دادگای فیدراڵیی عێراق یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانی گۆڕیوە

مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

K24 - هەولێر

مەکتەبى سیاسیى یەکێتىی نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ڕایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق لە تایبەتمەندى خۆیان لایان داوە و یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەش دەچێتە خانەى هەموارکردن و کارى دەسەڵاتى یاسادانان، نەک دادگاى فیدراڵى عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە حكوومەتی عێراق لە ڕێگەى دادگاى فیدراڵى عێراق هەوڵى سنووردارکردن و بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەدات، بڕیارەکانى دادگاى فیداراڵىی عێراق کە لەم دواییەدا لە دژى هەرێمى کوردستان وەرگێڕان بڕیارى نادەستوورى و نایاسایین و دەچنە خانەى بڕیارى سیاسییەوە، بە تایبەت لە بڕیارى ئەم دواییەیاندا سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە تایبەتمەندى خۆیان لایان داوە و یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەش دەچێتە خانەى هەموارکردن و کارى دەسەڵاتى یاسادانان، نەک دادگاى فیدراڵىی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەواوى ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان کردوویانە، نادەستوورى و نایاسایین، وەک (یەک بازنەیى کراوەتە چوار بازنەیى، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان لە 111 کورسى کەم کراوەتەوە بۆ 100 کورسى، کۆتاى پێکهاتەکان لابراوە لە کاتێکدا لە پەرلەمانى عێراق کورسىی کۆتاى پێکهاتەکان هەیە.

ئەو پارتە ڕاشیگەیاند، ئەم گۆڕانکارییانە هەمووى دەچنە خانەى هەموارکردن، ئەوەش کارى پەرلەمانە نەک دادگاى فیدراڵیى عێراق، ئەو بڕیارەى دادگاى فیدراڵى عێراق، کاریگەرى نێگەتیڤى دەبێت بۆ سەر  پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەى یاساکانى کوردستان.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو پارتە رایدەگەیەنێت، بڕیارەکانى ئەم دواییەى دادگاى فیدراڵىی عێراق دژایەتیکردنێکى ئاشکراى هەرێمى کوردستانە، و کێشەکانی کوردستان قوڵترکردۆتەوە و بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى کۆمەڵایەتى و گیانى پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراقدا. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى عێراق تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون. لەهەمان کاتدا حکوومەتى عێراق لەژێر کاریگەرى بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بەردەوامە لە سەر بڕینى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان.

لە ڕاگەیندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە ڕەوشێکى وادا پێویستە لایەنە سیاسییەکانى كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیك ببینەوە و هاوكاریی حکیومەتى هەرێمى کوردستان بن، بۆ ئەوەى هەموو لایەکمان لە خەمى خەڵکدا بین و کاربکەین بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى جەماوەر و ڕووبەڕووى ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە لەسەر هەرێمى کوردستان هەن، بێگومان ئەوەش ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانىی هەموو لایەکمانە.

 

مەکتەبى سیاسیى

یەکێتىی نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

25 – 3 – 2024