وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: تیرۆر کۆتایی نەهاتووە

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ پێمان دەڵێت، تیرۆر کۆتایی نەهاتووە". دووپاتیشی دەکاتەوە، "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی نەگۆڕمان بەرامبەر بە تیرۆر هەیە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 25-03-2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە ناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی ڕووسیامان لە هەولێر کرد، بۆ دەربڕینی هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ گەل و حکوومەتی ڕووسیا؛ لەبارەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دڕندەییەی لە مۆسکۆ کرا".

وەزیری ناوخۆ گوتی، "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی نەگۆڕمان بەرامبەر بە تیرۆر هەیە. خۆمان قوربانی دەستی تیرۆر بووینە و دەزانین  چالاکی تیرۆریستی لە شارێکی وەکو مۆسکۆ و بەم شێوە دڕندانەیە کاریگەرییەکی زۆر ناخۆشی لەسەر دەروونی هاووڵاتییان دەبێت؛ بۆیە دووپاتی هاوخەمیی خۆمانمان کردەوە".

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی کرد، هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ "پێمان دەڵێت، تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و پێویستە هەماهەنگی و کاری هاوبەش و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە نێوان حکوومەت و وڵاتاندا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە تیرۆر بهێنرێت".

شەوی هەیینی، 22-03-2024، لە باکووری مۆسکۆ، چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا و زیاتر لە 100 کەسیان کوشت و 140 کەسی دیکەشیان بریندار کرد. چەند کاتژمێرێک دواتر، داعش بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی فێدرالی رووسیا (FSB) بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیای ڕاگەیاند، 11 کەسیان بەتۆمەتی کردنی هێرشەکە دەستگیر کردووە، لەنێویاندا چوار کەس هەن کە "ڕاستەوخۆ دەستیان لە کردەوە تیرۆرستییەکەدا هەبووە".