سعود مستۆ: بڕیاری عێراق بۆ کشاندنەوە تیمی 'یونیتاد' مەرامی سیاسی لە پشتە

K24 - هەولێر

یاساناس و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدیان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، بڕیاری کشاندنەوەی تیمی "یونیتاد" لە عێراق، بووە هۆی ناڕەزایی کەسوکاری قوربانیانی ئێزیدیەکان، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی ملیۆنان بەڵگەی تاوانەکانی داعش دژی ئێزیدییەکان سفر ببنەوە.

سعود مستۆ، یاساناس و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدیان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری کشاندنەوەی تیمی "یونیتاد" لە عێراق، بووە هۆی ناڕەزایی کەسوکاری قوربانیانی ئێزیدیەکان و دڵگران بوون بەو بڕیارە، چونکە یونیتاد بە بڕیاری (23/79)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست بووە، هەروەها هیوایەکی باشی بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان دروست کردبوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاری سەرەکی "یونیتاد" هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەکان بوو لەسەر تاوانەکانی داعش بەرانبەر بە پێکهاتەکانی عێراق، هەروەها یەکێکی دیکە لە کارەکانی هاوکاریکردنی دەسەڵاتی دادوەریی بوو.

سعود باسی لەوەش کرد، یونیتاد کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بوو، کاری پاراستنی بەڵگەکان بووە، هەتا وەکو کارەکانیشی کۆتایی پێ نەیەت، بەڵگەکان ڕادەستی عێراق ناکات، ئەمەش پیشوەختە حکوومەتی عێراقی ئەوەی زانیووە و ڕەزامەند بووە لەسەر ئەو بڕیارە.

جەختیشی کردەوە، پێداگیریی عێراق لەسەر کشاندنەوەی ئەو تیمە، مەرامی سیاسیی لە پشتە و لاوازیی دەستەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن نیشان دەدات.

ڕاشیگەیاند، رێکارەکانی ئێمە ئەوەیە فشار بخەینە سەر حکوومەتی عێراق تاوەکو ڕازی بێت و هاریکار بێت لەگەڵ یونیتاد، هەروەک چۆن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاریکارە لەگەڵ تیمی یونیتاد، لەبەرئەوەی ئێمە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان، واتە ئەگەر عێراق سوور بێت لەسەر بڕیارەکەی و بە پێوەری نێودەوڵەتی کار نەکات، ئەوە یونیتاد ئامادە نییە  ملیۆنان بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە ڕادەستی عێراق بکات.