ئۆنروا: ئیسرائیل ئاگادارمانی کردەوە کە ڕێگا بە کاروانی هاوکارییەکان نادات بۆ باکووری غەززە

K24 - هەولێر

ئاژانسی فریاگوزاریی بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە ئێمەی ڕاگەیاندووە چیتر ڕێگە نادات کاروانی هاوکارییەکانی خۆراک بۆ باکووری کەرتی غەززە بڕوات.

کۆمیسیاری گشتی ئاژانسی ئۆنروا "فیلیپ لازارینی" لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر ڕێگە نادەن کاروانی هاوکارییەکانی سەر بە ئۆنروا بڕواتە باکووری کەرتی غەززە"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە کارێکی ناشیرینە، بە ئەنقەست ئاستەنگ بۆ ئەو هاوکارییانە دروست دەکەن کە ژیانی فەڵەستینییەکانی پێ ڕزگار دەکرێت".

لازارینی گوتیشی: "پێویستە ئەو سنووردارکردنە هەڵبگیرێت، ئۆنروا گەورەترین ڕێکخراوە کە دەگاتە هەموو کۆمەڵگە پانەبەرەکانی فەڵەستین".

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێگریی لە ئاژانسی ئۆنروا بە کارەکانی لە غەززە دەبێتە بڵاوبوونەوەی برسێتیی گەورە، کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراک دەمرن.

ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی ئادار، جۆلیێت تۆما، گوتەبێژی ئاژانسی ئۆنروا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند، "ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لە دوای کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیلیەوە هات".

کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسی ئۆنروای بە هاوکاریی چەکدارانی حەماس تۆمەتبارکرد، گوایە بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسەکە لە هێرشەکانی (7ی ئۆکتۆبەری 2023)ی سەر ئیسرائیل هاوکاریی حەماسیان کردووە؛ پاش ئەوە 15 وڵاتی جیهان پشتیوانییە دارایی و مرۆییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت.