پارتی چاکسازیی تورکمان: بڕیارەکانی ‎دادگای فیدراڵیی عێراق نایاسایی و سیاسین

لۆگۆی پارتی چاکسازی تورکمان
لۆگۆی پارتی چاکسازی تورکمان

K24 – هەولێر

پارتی چاکسازیی تورکمان لە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتىی مێژوویی و یاسایی ‎بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، هەڵویستیی فەرمی لە دژی بڕیارەکانی ئەو ‎دادگە ڕادەگەیەنن و دەڵێ "بڕیارەکانی سیاسیی و نادەستورییە، هەولێکە بو لاواز کردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئاماژەی داوە، دادگەی باڵای فیدراڵی خۆی خستۆتە شوێنی دەستەڵاتی یاسادانان، چونکە لەو داوایەی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو دادگەیە تۆماری کردووە، داواى هەڵوەشاندنەوەى كورسییەكانى كۆتای نەكردووە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردووە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم، بەمەش بڕیارەکەی دادگە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایانەیە لە یاساکانی دادوەریدا چەسپاوە.

پارتی چاکسازیی تورکمان لە هەڵوێستەکەیدا ڕایدەگەیەنێت، نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیی فیدراڵی و ئەنجیومەنی پارێزگاکاندا هاتووە بەتەرخانكردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هاوکات ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستوور، بەمەش بە ئاشکرا پێشێلی مافی پێکهاتەکان کراوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو بڕیارانە فەرهەنگی پێکەوەژیان و قووڵبوونەوەی گیانی یەکتر قەبووڵکردن و خۆشەویستیی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەبەن، لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانیش داواکارە وەک هەمیشە داکۆکیکاری پاراستنی مافی پێکهاتەکان بن و ڕێگە نەدەن پێکهاتە نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان پەراوێز بخرێن و هەوڵ بۆ دوورکەوتنەوەیان لە بەشداری سیاسی و کۆی کایەی حکومڕانیدا بدرێت.