رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتەبەر کە دەنگۆی هەڵە لەبارەی "هەژماری من" بڵاودەکەنەوە

هەژماری من
هەژماری من

K24 - هەولێر

راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە دەگرنەبەر کە دەنگۆی هەڵە و دوور لە ڕاستی لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من" بڵاودەکەنەوە.

شاندێکی پڕۆژەی "هەژماری من" لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە، 24-03-2024، لە بەغدایە و لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراقی کۆبووەتەوە و بڕیاریشە لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی فیدراڵیش کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25-03-2024، د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانج لە چوونی شاندەکە "خستنەڕووی ڕاستییەکانی پڕۆژەکەیە بۆ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی".

د. هاوڕێ کەمال گوتی، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی دارایی یان وەزارەتەکانی دیکە دەستکاریی هەژماری مووچەخۆر و فەرمانبەران دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بێ بنەمان. فەرمانبەران دڵنیا دەکەمەوە، بجێگە لە خاوەن هەژمارەکە، هیچ کەسێک بۆی نییە دەستکاریی هەژمارەکە بکات و مامەڵە بەو پارانەوە بکات کە لەنێویدان".

ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر لە دژی هەر کەس و لایەنێک کە دەنگۆی هەڵە و دوور لە ڕاستی لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من بڵاوبکەنەوە، چونکە ئەمە لێدانە لە ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی".

وەکو ئەوەی ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی باسی کرد، "پێنج بانک لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆسەی هەژماری من کردووە کە لە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دانیان پێدا نراوە. هەر بانکێکی دیکە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا بێت کە داوایان دەکەین، دەتوانن بەشداریی لە پڕۆژەکە بکەن."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتیی مامەڵەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ کراوە و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە کراوە. ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.

ڕۆژی شەممە، 23-03-2024، ئاوات جه‌ناب نووری، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكی میدیاییدا، لە وەڵامی ژینۆ محەممەد، نێردراوی کوردستان24 ڕایگەیاند، "هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستەمەی ئێمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی ئێمە تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاری، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆرانی تێدا نییە".

وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی هەژماری من بە ڕەزامەندی محەممەد شییاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروست کراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش لە پڕۆژەکەدا بەشدار دەبن". گوتیشی "لە ڕێگەی هەژماری من، مووچەخۆر دەتوانێت  لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان سوودمەند بێت و کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە ڕێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت".