رۆندک فارس: هەرێمی کوردستان کلیلی ئاسایشی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

رۆندک فارس، پسپۆڕی جیۆسیاسی و وزە
رۆندک فارس، پسپۆڕی جیۆسیاسی و وزە

K24 - هەولێر:

پسپۆڕێکی جیۆسیاسی و وزە ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دەکاتە سەر نرخی وزە و پێگەی ئاسایشی وزەی جیهان.

رۆندک فارس، پسپۆڕی جیۆسیاسی و وزە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دەکاتە سەر نرخی وزە لە جیهان، هەروەها کاریگەریی لەسەر پێگەی ئاسایشی وزەی جیهانیش هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان کلیلی دەرچەی هەناردەکردنی نەوتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە دەرچەیەکە بۆ بەیەک بەستنەوەی دەریای سوور و دەریای سپی و کەنداوی فارس بێگومان گرنگی خۆی هەیە، دەشڵێت: ئەو ڕاگرتنە تەنها کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وزەی جیهانیش هەیە.

رۆندک فارس باسی لەوەش کرد، بۆ تێگەیشتن لە داهاتووی بڕیاری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەبێت سەیری چەند کارەکتەرێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بکەین لەوانە، ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو، لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا و چین و ڕووسیا، بۆیە ئەو ململانێیە ئابووری و بەرژەوەندییە ئابوورییەی لەسەر ئاسایشی وزە هەیە، لە نێوان سێ وڵاتی سەرەکییە بۆ نموونە، ئەمەریکا هەوڵدەدات کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە نەوتەکەی هەناردە بکات.

ئەو پسپۆڕەی وزە گوتیشی: تورکیا پاڵپشتییەکی سەرەکی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ئەگەر نەوتی عێراق لەڕێگەی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێت، بژاردەکانی بەردەم عێراق چییە؟ یەکێک لەوانە هێڵی عەقەبەیە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ سعوودیە هەیە، بەڵام دۆخی دەریای سوور ڕێگە بەوە دەدات عێراق لەو ڕێگایەوە نەوت هەناردە بکات؟ بەدڵنیاییەوە ئێمە کلیلن بۆ ئاسایشی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.