بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین

تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی
تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

لەگەڵ کرانەوەی دەوامی فەرمانگەکانی ئێران دوای پشووەکانی نەورۆز بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لە بازاڕی ئازاددا داشکانێکی بەرچاوی تۆمار کرد و نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 61 هەزار و 450 تمەن. هاوکات رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا بەردەوام هەڵدەکشێت و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش رایگەیاندووە، ئێستا رێژەی هەڵاوسان سەرووی 46%ـە.

ماڵپەڕی بنبەست کە نرخی دراو و زێڕ لە ئێران بە شێوەی ئۆنلاین بڵاو دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 61 هەزار و 450 تمەن. کە ئەو داشکانە بە ریکۆردێکی نوێ هەژمار دەکرێت. هاوکات رایشیگەیاندووە، نرخی یۆرۆ گەیشتووەتە 66 هەزار و 750 تمەن.

ماڵپەڕی خەبەرئۆنلاینیش رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە نرخی دۆلاری حکومی لە بەرانبەر دراوی نیشتمانیی ئێراندا 43 هەزار و 472 تمەن بووە.

ئەم داشکانە نوێیەی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران لە کاتێکدایە کە پێش ئەوەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی جڵەوی دەسەڵاتی ئێران بە دەستەوە بگرێت، نرخی دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕی ئازادی ئەو وڵاتەدا 27 هەزار تمەن بوو، ئەوەش دەری دەخات لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دراوی نیشتمانیی ئێران زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لە دەست داوە و بووەتە هۆکاری هەڵکشانی بەردەوامی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا، بە شێوەیەک کە ساڵی رابردوو لە بواری هەڵاوساندا ئێران حەوتەمین پلەی لە ئاستی جیهاندا تۆمار کرد.

هەڵکشانی بەردەوامی هەڵاوسان لە ئێراندا لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی بانگەشەی ئەوەی کردووە، ڕێژەی هەڵاوسان دەگەیەنێتە ژێر 10%، کەچی نەک ئەوە رووینەداوە، لە دوایین ئاماریدا بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، ئێستا رێژەی هەڵاوسان لە ئێران سەرووی 46%ـە و پێشتریش ناوەندی ئاماری وڵاتەکە رایگەیاندبوو، رێژەی هەڵاوسان لە سەرووی 42%ـە و ئەوەش دەری دەخات کە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا بەردەوام هەڵدەکشێت و کۆنترۆڵ ناکرێت.

هاوکات بانکی جیهانییش رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان لە ئێران سەرووی 47% بووە و بەراورد بە پێش کابینەی ئیبراهیم رەئیسی %7 هەڵکشاوە. پێشبینیشی کردووە رێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ ساڵی 2024 بگاتە 55%.