بڕیاری دیکە بۆ کرێچییەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەردەکرێت

بڕیاری لێخۆشبوون بۆ زیانلێکەتووانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر دەرکرا
بازاڕی لەنگەی هەولێر
بازاڕی لەنگەی هەولێر

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی کە لە27ـی شوبات ئاگر لە بەشێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە، پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا لە کرێی ساڵێک و کرێی شەش مانگی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی دووکانه‌كان خۆشبێت،  کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و هه‌روه‌ها بڕیاری دیکەش بۆ کرێچییەکان دەردەکرێت.

مام زیاد 20  ساڵە لە نێو بازاڕی لەنگە کاردەکات،  بۆ جاری دووەمە  دووکانەکەی دەسووتێت، دوای زەرەر و زیانێکی  زۆر ، دووبارە هەوڵدەدات دووکانەکەی نۆژەن بکاتەوە و پێیوایە بڕیاری خۆشبوون لە کرێی ساڵێک و کرێی شەش مانگی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی دووکانه‌كان لەم بارودۆخەدا، دەتوانێت بەشێک لە بارگرانیان لەسەر هەڵبگرێت .

هه‌روه‌ها ناز جەلال بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ده‌ڵێت، بڕیارەکە پەسەند کراوە ، و لە رۆژانی داهاتوودا ، تاوتوێ لەسەر بارودۆخەکە دەکرێت، تاکو زیاتر هاریکاری زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە بکەن.

بەپێی بڕیارەکەی پارێزگاری هەولێر، لێخۆشبوون لە کرێی ساڵانە کە بڕەکەی لە نێوان یه‌ك ملیۆن بۆ 1500 هەزار دیناردایە  و پارەی خۆڵ و خاشاک  ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانی هەیە  و لە بەرواری 25ـی ئادارەوە جێبەجێ دەکرێت.