نوێترین ئاماری مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە پرۆژەی هەژماری من بڵاوکرایەوە

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک تۆمارکراون و ئامانجی پرۆژەکەش ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆماربکات.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) سەرپەرشتیارانی پرۆژەی هەژماری من، ئاماری مووچەخۆرانی تۆمارکراویان بڵاوکردەوە کە لە پارێزگای هەولێر، 213,536 مووچەخۆر تۆمارکراون، لە پارێزگای سلێمانی، 19,288 مووچەخۆر و لە پارێزگای دهۆکیش، 17,657 مووچەخۆر لە پرۆژەی هەژماری مندا هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە.

کۆی گشتی مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە پرۆژەی هەژماری من تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی (25ـی ئاداری 2024) بریتییە لە 250 هەزار و 481 مووچەخۆر لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی بانکیی نوێخوازانەیە، سیستەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانە لە ڕێگەی پشبەستن بە هەژمارە بانکییەکان؛ چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی ئاییندەدا، پرۆسەکە هەنگاوی گەورەتر بهاوێت و وەرچەرخان لە بزاوتی ئابووریی کوردستاندا بێنێتە کایەوە.

تاوەکو ئێستا پێنج بانک بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری مندا کردووە کە بریتین لە بانکەکانی (جیهان، ئار تی بانک، بانکی ئیسلامیی عێراقی، بی بی ئەی سی، ئێن بی ئای) کە هەموو ئەو بانکانەی لە پرۆژەی هەژماری من دەکەن، دەبێت مۆڵەتدراوی بانکی ناوەندیی عێراقدا بن و لە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هیچ کێشەیەکیان نەبێت.