حامید موتڵەگ: نابێت ململانێ سیاسییه‌كان كاریگه‌رییان لەسەر هاووڵاتی هه‌بێت

"عێراق سیاسه‌تی برسیكردن دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كاردێنێت"
حامید موتڵەگ، کەسایەتی سیاسیی
حامید موتڵەگ، کەسایەتی سیاسیی

K24 - بەغدا:

هێشتا هەندێک لایەنی عێراق سیاسەتی چەوساندنەوە و برسیکردن لە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنن. لە رێگەی ئابڵوقەیەکی دارایی خنکێنەر و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەندێک لایەنی سیاسی کەسانێک بەوە تۆمەتبار دەکەن بە مەبەست کێشەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروست دەکەن.

لێدوانەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، سەبارەت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی مانگانە، دروون لە واقیعەوە. چونکە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەندین مانگ چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەی مانگێک دەکەن، ئەمەش پێچەوانە دەستوور و بەها مرۆییەکان و پێودانگە نێودەوڵەتییەکانە. سیاسییەکان ئەم بارودۆخە بە کارەسات ناودەبن و دەڵێن، ململانێی سیاسی بۆ بە ئامنجگرتنی هاووڵاتییان پێچەوانەی دەستوورە و فەرمانبەران لە مووچەکانیان بێبەشکراون. 

حامید موتڵەگ، کەسایەتی سیاسیی رایگەیاند: "هاووڵاتی چاوەڕێی وەرگرتنی شایستەکانی خۆیەتی، کورد، سوونە، شیعی یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە بێت و لە هەر شوێنێک بێت، پێویستە مووچەی خۆی لە کاتی دیاریکراو و بەبێ دواکەوتن وەربگرێت. نابێت ململانێ سیاسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتی و داهاتووی بنیادبنرێت. هاووڵاتی ساڵانە 12 مووچەی هەیە و پێویستە هەموویان لە کاتی دیاریکراو و بە شێوەی مانگانە وەربگرێت".

چاودێران پێیان وایە چەند لایەنێک لە رێگەی یاریکردن بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەست کێشە و پشێوی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ درووست دەکەن، ئەمەش شتێکە ناکرێت هەرگیز بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

هەروەها عەممار عەزاوی، چاودێری سیاسی: ئاماژە بەوە دەکات: "ئەم جۆرە شەڕ و فشارەئابوورییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بەبێ هۆکار نین، چونکە هەموو قەیرانێک لانێکی لە پشتەوەیە، قەیرانەکە دەجووڵێنێت و فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی. ناکرێت ئەم بابەتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت پێویستە هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

شارەزایان هۆشداریی لە هەوڵی هەندێک پارتی سیاسی دەدەن بۆ بۆ درێژەپێدان بە شەڕی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی چەکی مووچە وەک ئامرازێک لە دژی خەڵک. جەختیش لەوە دەکەنەوە ئەم سیاسیەتە کاریگەریی پێچەوانەی لەسەر پڕۆسەی سیاسی دەبێت چونکە کورد لە 2003ـوە پێكهێنەرێکی سەرەکی ئەو پڕۆسەیەیە.