بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لە تورکیا قەرزی لەسەر هاووڵاتییانی قورسکردووە

بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لە تورکیا تێچووی قەرزکردنی بۆ هاووڵاتییان زیاتر کردووە
بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لە تورکیا تێچووی قەرزکردنی بۆ هاووڵاتییان زیاتر کردووە

K24 - هەولێر

بەهۆی زیادکردنی رێژەی سووی بانکی بۆ سەدا 50، زۆرێک لە هاووڵاتییانی تورکیا نیگەرانن، چونکە تێچووی قەرزکردن زیادیکردووە و بڕیارەکەش نەیتوانیوە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان سنووردار بکات.

بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سیاسەتەکانی بە رێژەی 500 خاڵ بەرزکردەوە و سوودی بانکیشی لە سەدا 45 بۆ سەدا 50 بەرزکردەوە. دوابە دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، بەشێکی بەرچاوی بانکەکان رێژەی سوودیان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پارەکانیان دەکەن بە لیرە و لە بانک دایدەنێن بە ڕێژەی سەدا 55 بەرزکردەوە.

نیسوو هەیمانا، دەستفرۆشە و دەڵێت، "زۆر باشە ئەگەر کارێکی دیکەش بکەم ئەو قازانجەم دەست ناکەوێت، ملیارێک لیرە دەخەمە بانک هەموو مانگێک 40 هەزارم دەست دەکەوێت. ئیتر پێویستم بە ئیش نییە لە هەرشۆێنێک کاربکەم ئەو پارەم دەست ناکەوێت، خوا لە حکوومەت رازی بێت".

بڕیاری بانکی ناوەندی و بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە مەبەستی گەڕاندنەوەی شکۆی پارەی وڵاتەکەیەتی کە لە ماوەی 8 مانگدا سەدا 11.3 بەهای خۆی بەرانبەر بە دۆلار لە دەستدا. ئەمە لە کاتێکدایە هەڵاوسان بە رێژەی سەدا 67ـە و رۆژ بە رۆژ نرخی پێداویستیەکان گرانتر دەبن. ئەوی پارەی هەیە دڵخۆشە بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوو، ئەوەشی نییەتی بیر لە لێکەوتەکانی دەکاتەوە و دەڵێن، "خەڵکی هەژار تووشی کێشەی زیاتر دەبن".

هاووڵاتیی باریش باکتار ئاماژە بەوە دەدات، "بە ڕای من ئەمە باش نییە. هەمووان چاویان لە سووی بانکی دەبێت بۆ ئەوەی بژین. ئیتر خانوو ناکڕن، سەیارە ناکڕن  و کاریش ناکەن. پێویست بوو رێژەی سوو بە لە سەدا 25 جێگیر بووایە. ئەو کات نەکەس دۆلاری دەکڕی نە کەسیش بیری لە فرۆشتنی ماڵ و سەیارەش دەکردەوە، کەسی کرێچی  چی بکات کاتێک خاوەن ماڵ خانووەکەی دەفرۆشێت و دەریدەکات تا پارەکە بدات بە بانک و سووی دەستکەوێت ."

بەرزکردنەوی رێژی سوود بانکی لە تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا لە 8.5ـەوە بۆ سەدا 50 بەرزبووەوە کە مەبەست لێێ  گەڕاندنەوەی بەهای لیرە و دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان بوو. لە ئێستادا رێژەی هەڵاوسان هەر وەک خۆیەتی، بەشێک لە هاووڵاتیانیش بیر لەوە دەکەنەوە چیتر کارنەکەن و، پارەکانیان بدەن بە بانک و بە سوودی بانکی بژین.