فوئاد حسێن: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی گفتوگۆکانی ئەمەریکا دەبێت لەگەڵ سوودانی

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن رایگەیاند، لە سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رەنگە تەوەرێکی گفتوگۆکان بێت. گوتیشی: ئەوەی لە سوودانی تێگەیشتووم، مووچەی مانگی ئاداریش دەنێرێت.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەر پرسی مووچە کارکراوە، هەرچەندە تا وەکوو ئێستە گرفتەکان چارە نەکراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژەیە چارە بکرێن. گوتیشی: ئەوەی من لە محەممەد شییاع سوودانی تێگەیشتووم، هیچ گرفتێک نییە و مووچەی مانگی ئاداریش دەنێردرێت.

سەربارەت بە بابەتی پڕۆژەی هەژماری من، فوئاد حسێن گوتی: ئێسا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و لە سەر ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دانووستان دەکەن، هەرچەندە زانیاریم لە رەوتی دانووستانەکان نییە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم بابەت و پرسەکانی دیکەش بگەنە رێککەوتن.

هەروەها دەربارەی سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی بۆ واشنتن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: شاندەکە ئەندامانی کوردیشی تێدا دەبێت و ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیش لە سەردانەکانی پێشتر جیاوازترە و چەند پرسێکی دیکە هەن بۆ باسکردن، بەڵام ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بانک و دۆلار و دینارەوە هەیە هەر باس دەکرێنەوە.

گوتیشی: بەدڵنیاییەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس دەکرێت، بەو پێیەی چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت ئەمەریکی هەن، کە بێگومان ئەوانیش گرفتەکانی خۆیان لەگەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا باس کردووە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: هەر لەم سەردانەی سەرۆکوەزیران باسی پەیوەندییە ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق و ئەمەریکا دەکرێت لەگەڵ میکانزمی کارو چالاکییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە داهاتوودا، هەر وەک چۆن لە دانووستانی لیژنە ئەمنییەکان گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت بۆ ئەوەی دواجار سیاسەتێکی نوێی کاری پێکەوەیی هێزەکان دیاری بکرێت.

دەربارەی سزای سەر بانکە عێراقییەکان، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەیدا: لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبوونەوەمان هەبووە و ئەوان راشکاوانە، نەک باسی سزادانی بانکی، بەڵکو باسی گرتنەبەری چەند رێکارێکیان کردووە لەگەڵ جەختکردنەوە لە چاکسازی لە سیستەمی بانک و دارایی عێراقی لەمبارەشەوە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: بەر لە هاتنی سەرۆکوەزیرانی چەند لیژنەیە هەن کار لە سەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە لیژنەی وزە گفتوگۆ لە سەر بابەتی نەوت، غاز و کارەبا دەکەن، هەروەها لیژنەیەکی دیکە تایبەتە بە پرسە بانکیی و داراییەکان و چەند لیژنەیەکی دیکەش هەن لە بوارەکانی حزمەتگوزاری، گواستنەوە، تەندروستی، خوێندنی باڵا هەن ئەو لیژنانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئامادەکاریی رێککەوتن باڵا.

هەینی رابردوو کارین ژۆن پێیەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، 15ـی نیسانی ئەمساڵ جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

ڕاشیگەیاند، هەردوو سەرکردە هەماهەنگی دەکەن لەبارەی کارە لە پێشینە هاوبەشەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئەمەریکا و عێراق. هەروەها لەبارەی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش و بەرەوپێشچوونی ئەرکی سەربازی دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش ڕاوێژ دەکەن.

هەروەها سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێکە حکوومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بازاڕەکانی جیهان راگرتووە، ئەمەش نزیکەی 11 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتەکەی گەیاندووە و بە هۆیەوە چالاکیی بەرهەمهێنانی چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکیش لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان راوەستاوە، هەر بۆیە مەزندە دەکرێت ئیدارەی ئەمەریکا رۆڵیکی ئەرێنیی و کاریگەر لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بگێڕێت.