مەسعود کاڕەش: حکوومەت دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە کردووە

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

جێگری پاریزگاری هەولێر ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024، مەسعود کاڕەش، جێگری پاریزگاری هەولێر، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، بازاڕی لەنگە کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 100مەتری و 40مەتری و ڕووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتر دووجا دەبێت و زیاتر لە دووهەزار و دوو سەد  دوکانە.

بەگوتەی ئەو: "بازاڕی لەنگە کەوتووەتە ناو سەنتەری شاری هەولێر، کاتێک ئەو ئاگرەی لێ کەوتەوە، هەر لەسەرەتاوە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیان بە ماوەیەکی کەم کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن،  ئەگەر کەمتەرخەمی هەبووایە، بێگومان ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی دەکرد."

مەسعود کاڕەش دەشڵێت: "زیاتر لە 60 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، حکوومەت هەوڵی داوە بە چەند قۆناغێک هاوکارییان بکات، قۆناغی یەکەمیش نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشەی بازاڕەکەیە کە سووتاوە، گرێبەستێکمان لەگەڵ بەڵێندەرێک کردووە، بە گوژمەی 300 ملیۆن دینار بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەست بە کار بێت."

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "قۆناغی دووەمی هاوکاریی ئەو دووکانانە ئەوەیە، حکوومەت لە کرێی ساڵێکیان خۆش دەبێت و لە کرێی شەش مانگی خۆڵ و خاشاکیش خۆش دەبێت، ئەمەش وەکو هاوکارییەک لە حکوومەتەوە بۆ ئەو کاسبکارانەیە تا بتوانن کاری خۆیان دەست پێبکەنەوە. هەموو ئەو دووکانانەی کە لەوێ کاردەکەن گرێبەستییان لەگەڵ شارەوانیدا هەیە."

ڕاشیگەیاند، چەندان ڕێنمایمان داوە بە کاسبکاران، بەڵام جێبەجێی ناکەن. بۆ نموونە؛ دەبێت کەلوپەلەکانی تەنیا لە دووکانی خۆی دابنێت، بەڵام ئەو دەیهێنێتە دەرەوەی دووکانەکەی، کاتێک دووکانێکیش دەسووتێت، ئاگر تەشەنەدەکات و هەموو دووکانەکان دەسووتێنێت.