عێراق.. دەیان هەزار ناوی ساختە بەناوی قوربانییانی دەستی داعش مووچە وەردەگرن

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

گەندەڵی لە عێراقدا بووەتە دیاردە، بەجۆرێک بەناوی شەهید و قوربانییانی دەستی داعشیشەوە ملیاران دینار دەدزرێت. رێکخراوی شەهیدانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە کۆی 54 هەزار ناوی شەهید و قوربانییانی شەڕی داعش، زیاتر لە 23 هەزاریان ساختەن.

گەندەڵی لە عێراق زۆربەی جومگەکانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک ئیدی ئاشکرابوونی گەندەڵییە گەورەکانیش مایەی شۆک بوون نین.

دوایین گەندەڵی کە ئاشکرابووە، باس لە دیارنەمانی نزیکەی ترلیۆنێک دینار دەکات، کە بەناوی کەسوکاری شەهیدانەوە بەهەدەر دراوە.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی رێکخراوی شەهیدانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە کۆی 54 هەزار ناوی شەهید و قوربانییانی شەڕی داعش، زیاتر لە 23 هەزار مامەڵەی ساختەیان لە ئەنبار و چەند پارێزگایەکی دیکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرا کردووە، کە جگە لەوەی بەشی زۆری ناوەکان خەیاڵین، بەشێکی دیکەیان ناوی کەسانی بیانی و تەنانەت 736 ناو لەوانە کەسانی تێوەگلاو لە کردەوە تیرۆریستییەکان بوون، کە 69 کەسیان فەرمانی گرتنیان هەبووە و 657 کەسەکەی دیکەش زانیاری و سکاڵای ئەمنییان لەسەرە.

عەبدولئیلا نائیلی ئاماژەی بەوەش داوە، زۆربەی ئەو وەفاتنامە و ڕاپۆرتە پزیشکییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەوە دەرچوونە ساختەن، کەچی بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەک، چەندین ساڵە مووچەی مانگانەیان بۆ دەچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو، دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکراکردنی زیاتر لە 10 هەزار مامەڵە و ناوی ساختەیان لە لیستی شەهیدانی عێراقدا راگەیاند، کە وەک دەستەکە ئاماژەی پێ داوه‌، بەهۆی ئەو گەندەڵییانەوە بە ملیاره‌ها دیناری حکومەت بەهەدەردراوە و روونیش نییە ئەو بڕە پارە زەبەلاحەی پێشوو بۆ گیرفانی چ حزب و لایەنێکی دیاریکراو بووە.