محەممەد کەمال: کەرکووک پێویستی بە کورد و تورکمان و عەرەبە بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکە بکەن

K24- هەولێر

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ڕایگەیاند، وەکو پارتە سیاسییەکانی کەرکووک سەردانی جەبهەی تورکمانیمان کردووە و پەیوەندی بەدانوستانەکانەوە نییە.

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەکو پارتە سیاسییەکانی کەرکووک سەردانی جەبهەی تورکمانیمان کرد، چونکە کەرکووک پێویستی بە هەمووانە، هەروەها پێویستی بە کورد و تورکمان و عەرەبە بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەتی شارەکە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە سەردانی فەرمیمان بۆ لای هەموو لایەنەکان هەیە، پەیوەندی بە دانوستان نیە، چەنکە لیژنەیەکی تایبەت هەیە بۆ دانوستانەکان، ئەوان کاری خۆیان دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24 راگەیاند، زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە تاکو ئێستا حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دانەنراوە و هەڵنەبژێردراوە. ئەم بابەتە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە شاری کەرکووک پێکهاتەکەی فرەنەتەوە و فرە پێکهاتەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکانی دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.

بەگوتەی ئەو، "هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە، کەسیش سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات و دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنێت. ئەمەش وایکردووە کە نەتوانین بگەینە ئەنجامێک، هەرچەندە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێو پێکهاتەکانی لایەنە براوەکانی شارەکەدا هەن".

رۆژی سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری کرد.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كردووه‌، به ‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتی نوێ و هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌شدارییان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ عێراق، له‌ 1ی ته‌ممووز تاوه‌كو 30ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ ده‌رگای خۆتۆماركردن ده‌كرێته‌وه‌.