پارەی کەفالەتی ئازادکردنی دانی ئالڤێس گومانی دروستکردووە

وێنەی ساتی ئازادبوونی دانی ئالڤێس
وێنەی ساتی ئازادبوونی دانی ئالڤێس

دانی ئالڤێس ئەستێرەی پێشووی بەرازیل و بارسێلۆنا ئێوارەی رۆژی دووشەممە دوای 14 مانگ لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت و بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

هەفتەی رابردوو دادگای ئیسپانیا بڕیاریدا ئالڤێس بە مەرج و بە کەفالەتی یەك ملیۆن یۆرۆ ئازاد بکات، کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن بۆسەر ئافرەتێك زیندانی کرابوو.

ئەستێرە بەرازیلییەکە خۆی نەیتوانی ئەو پارەیە بدات، کە دادگا بۆ ئازادکردنی داینابوو چونکە سەرجەم ماڵ و پارەکانی دانی بلۆککراون، ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاری ئازادکردنەکەی رۆژی هەینی درابوو، بەڵام تا رۆژی دووشەممە پارەکە دابیننەکرا و یاریزانەکە لە زیندان مایەوە.

پێشتر دەگوترا باوکی نێیمار بڕی پارەی کەفالەتی ئازادکردنی دانی ئالڤێس دەدات، بەڵام کاتێك ئازادکردنەکە دواکەوت، ئەوە دەرکەوت کە باوکی یاریزانەکەی هیلال ئەو پارەیەی نەداوە.

وێنەی نێیمار و باوکی
وێنەی نێیمار و باوکی

لەلایەکی دیکەوە دوای ئازادکردنی ئەستێرە زیندانیکراوەکە وا بڵاوکرایەوە کە مێمفێس دێپای هۆڵەندی پارەی کەفالەتی ئازادکردنەکەی داوە.

ئالڤێس و دێپای لە بارسێلۆنا
ئالڤێس و دێپای لە بارسێلۆنا

هەروەها تۆڕی "uol"ی بەڕازیلی ئاماژەی بەو زانیارییانەی سەرەوە کردووە، بەڵام ئەوەشی نووسیوە، کە ئەم زانیاریانە تا ئێستا لەلایەن پارێزەری ئەلڤێسەوە پشتڕاستنەکراوەنەتەوە، هەرچەندە پێش ئازادبوونی یاریزانە بەرازیلییەکە تەواوی پارەی کەفالەتی دادگای داوە.

ئەوەی گومانی خستووەتەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە، دانی ئالڤێس و مێمفێس دێپای بۆماوەیەکی کورت لە بارسێلۆنا بەیەکەوە یارییان کردووە.

بەهۆی سکاڵای دینۆرا سانتانای هاوسەری پێشووی دانی ئالڤێسەوە لە دادگایەکی بەرازیل، تەواوی سامانەکەی سامانی ئەفسانەکەی بارسێلۆنا بلۆککراوە بۆیە خۆی نەیتوانی پارەی کەفالەتەکەی بدات.