پارێزگاری دهۆک: ئەمڕۆ دوو ناوچەی دیکەی زیانپێگەیشتووی لافاوەکە قەرەبوودەکرێنەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی دوو ناوچەی دیکەی شاری دهۆک ئەوانەی بەهۆی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو زیانی زۆریان پێگەیشتووە، دەستپێدەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "توانیمان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دەوروبەری شاری دهۆک بکەینەوە. قەرەبووی بەشی رۆژئاواش بە گشتی کراوەتەوە. ئەوەی ماوەتەوە پێنج زۆنن (ناوچەنە) کە بە مەترسیدار دەستنیشانکراون و تا ئێستە قەرەبوونەکراونەتەوە".

پارێزگاری دهۆک گوتی، "کاتژمێر 04:00ـی ئێوارە دەست دەکەین بە دەستپێکردنی پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی بەشێکی دیکەی شارەکە، دوای بەربانگیش بەشێکی دیکە قەرەبوو دەکەینەوە. لەو پێنج زۆنە (ناوچەیەی) بە مەترسیدار دەستنیشانکراون، ئەمڕۆ دوو بە تەواوی ناوچە قەرەبوو دەکرێنەوە".

لەبارەی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەو دوو ناوچەیە، د. عەلی تەتەر رایگەیاند، "پارەی کاش و کەلوپەل و پێداویستیەیکانی ناوماڵ دەدەینە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان و، ئەو خانووانەش کە زیانیان بەرکەوتووە، نۆژەنبکرێنەوە".

دوێنێ دووشەممەش، 25-03-2024، پارێزگاری دهۆک ئەوەی خستبووە ڕوو، پێنج لیژنەیان پێکهێناون بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زیانە ماددییەکانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی دهۆک بکەن. لیژنەی شەشەمیش جارێکی دیکە بەدواداچوون بۆ زیادەڕووەکانی گەڕەکی هشکەڕوو دەکات و پێداچوونەوە بە ماستەر پلانی ئەو گەڕەکە دەکات".

 پارێزگاری دهۆک لەبارەی هەڵسانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی 30 کاتژمێردا نزیکەی 352 ملیمەتر باران لە دهۆک باری. دەتوانم بڵێم، بارانی ساڵێک، لە ماوەی دوو ڕۆژ و شەوێکدا بەسەر دهۆکدا باریوە. لە مێژوودا، بەم بڕە باران لەم ناوچەیە لەم ماوە کەمەدا نەباریوە".

رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".