ڕێککەوتنێکی تورکیا لەگەڵ حەشدی شەعبی دژی پەکەکە ئاشکرا دەکرێت

چەکدارانی پەکەکە لە شنگال - وێنە: ئەرشیف
چەکدارانی پەکەکە لە شنگال - وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر

حەشدی شەعبی دەبێتە بەشێک لە ڕێککەوتنێکی گرنگی بەغدا و ئەنقەرە و بە گوتەی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و تورکی، دوور نییە لە چوارچێوەی پلانەکانی رێکخستنەوەی ئاسایشی ناوچەکە لە دوای شەڕی غەززە، پێگەی پەکەکە لە شنگال بکەوێتە مەترسیی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بە کردەیی لەو ناوچەیە زیاد بکات.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و بەبێ ناوهێنان، لە زاری بەرپرسێکی تورکیا بڵاویکردووەتەو، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕانکاریی لە ئاسایشی ناوچەکە لە دوای شەڕی غەززە، شاندی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتنێکیان کردووە کە شنگال چەقەکەیەتی.

بۆ ئەم مەبەستە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی، بە ئاماژەدان بە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق ئاشکرایکردووە، سەبارەت بە شنگال لەگەڵ دامەزراوەیەکی فەرمی عێراقی لێک تێگەیشتنیان هەیە. ئەمەش مانای ئەوەی تورکیا ئەمجارە بە سەنگێکی زیاتری سیاسیی و سەربازیی لەگەڵ عێراق نزیکبووەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بەو ناسەقامگیریی و هەڕەشانەی لە سنوورەکانی باشوور هەیەتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی هەواڵگریی و مونیر کاراڵ ئۆغڵو جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی بەغدایان کردووە لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش حکوومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بوونی چەکدارانی پەکەکە لە خاکی عێراق پێشێلکردنی دەستوور و سەروەریی خاکی عێراقە.

هەروەها حکوومەتی تورکیا دوای دیدار و سەردانەکە دڵخۆشی خۆیی دەربڕی بەوەی لەگەڵ لایەنی عێراقی گفتوگۆیان کردووە، لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون، کە هێزەکانی تورکیا بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر و بە درێژایی سنوورەکان هەر لە سلێمانییەوە تاوەکوو شنگال و تا سنووری سووریا دەتوانن ئۆپراسیۆنی سەربازی بکەن بۆ لە ناوبردنی هەڕەشەو مەترسییە ئەمنییەکان.

رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە بەغدا واژۆكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، بەڵام تا وەکوو ئێستە حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە و هیچ یەکێک لەم شەش خاڵەی جێبەجێ نەکردووە.

خاڵەکانی رێککەوتننامەی شنگال:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكان و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.