گوهدار شێخۆ: ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی زاخۆ دەستپێدەکات

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی قەرەبووەکان دەستی پێکردووە کە 133 دووکاندار و کۆگاو شوێنی گەشتیارین، هەروەها هەموو زیانلێکەوتووان قەرەبو دەکرێنەوە.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەی تایبەتمەند لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەرێوەبەرایەتییە پەیوەندارەکان دروستکراون، سەردانی ئەو دووکان و شوێنانەیان کردووە کە زیانیان پێگەیشتووە و قەرەبووەکانیان تۆمارکراوە.

گوتیشی: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو گوژمەیەی کە بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دیاری کراوە بەسەر ئەوکەسانە دابەش دەکرێت کە زیانیان پێگەیشتووە، گوتیشی: سەرۆک بارزانی زوو باهانای خەڵکی زاخۆ هات هەر ئەوەشی لێچاوەروان دەکرێت لە لایەن خەڵکی زاخۆوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، یەکەم ڕۆژی ڕووداوی لافاوەکە پەیوەندی بە ئێمەوە کرد کە هەرچیەک پێویست بێت بەزووترین کات بۆ خەڵکی بکەین، دەشڵیت هەندێک زیان بە کەرتی گشتی حکوومەت کەوتووە، ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی زاخۆ، پڕۆژەی کۆڕنیش، کارەبای زاخۆ و لەگەڵ پێنج قوتابخانە.

گوهدار ڕاشیگەیاند، سەرجەمی ئەو شوێنانەی زیانیان پێگەیشتووە، 624 شوێن بووە، هەروەها ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی قەرەبووەکان دەستی پێکردووە کە 133 دووکاندار و کۆگاو شوێنی گەشتیارین، هەروەها هەموو زیانلێکەوتووان قەرەبو دەکرێنەوە.