نەجیبە نەجیب: دەسەڵاتی شیعە دەیەوێت سیستەمی ناوەندیی بگەڕێنێتەوە

نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دەسەڵاتی ئێستەی شیعە دەیەوێت سیستەمی ناوەندیی بگەڕێنێتەوە و بودجەی هەر پارێزگایەک بە جیا بنێردرێت". ئاماژە بەوەش دەدات، "دادگای فیدراڵی لەسەر بنەما دەستوورییەکان دانەمەزرێندراوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 26-03-2024، نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.  

وەکو ئەوەی نەجیبە نەجیب ئاماژەی پێ کرد، "دەسەڵاتی ئێستەی شیعە دەیەوێت سیستەمی ناوەندیی بگەڕێنێتەوە و هەموو لایەنەکان بۆ پێش ساڵی 2003 بگەڕێننەوە. واتا بودجەی مانگانەی هەر پارێزگایەک بە جیا بنێردرێت. ئەمە پلان، عەقڵییەت و شێوازی بیرکردنەوەی سیاسەتمەدارانی شیعەیە؛ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش درێژەپێدەری ئەو پلانەن".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، "دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و لەسەر بنەما دەستوورییەکان دانەمەزرێندراوە. زۆرینەی بڕیارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستانن و دەستی دەرەکییان لە پشتەوەیە. ئێستە دەستوەردان لە کاروباری حکوومەت و پەرلەمانیش دەکات و، جێگەی هەردووکیانی گرتووەتەوە".

نەجیبە نەجیب گوتی، "مێژوو سەلماندوویەتی، هەر کاتێک مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێشێل کرابن، عێراق بە شێوەیەکی گشتیی ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە. کاتێک عێراقیش سەقامگیر نەبێت، پێشوەچوونی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیش نابێت".

ئەو ئەندامەی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دووپاتیشی کردەوە، "دەستوور لەسەرووی دادگای فیدراڵی، پەرلەمان و حکوومەتی عێراقەوەیە؛ بۆیە داوا لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین دەستوور جێبەجێ بکات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا رەوانە بکات".