باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا: بوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەرز دەنرخێنین

وەدیع باتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا
وەدیع باتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا

K24 - هەولێر

باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا هەیە. دەشڵێت، بوونی نوێنەرایەتییەکە "بەرز دەنرخێنین و بە گرنگی دەزانین". 

لە دوێنێ دووشەممەوە، 25-03-2024، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانیی و بانکییەکانی هەولێر و پاریس، لە فەرەنسایە. شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ وەدیع باتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا کۆبووەوە.

پاش کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەرز دەنرخێنین و بە گرنگی دەزانین".

باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا "یەک ئامانجیان هەیە. کاری هاوبەشی زۆر پێکەوە دەکەن و لە ڕێوڕەسمەکانی ئاهەنگ و ماتەمینی پێکەوە بەشدارن".

باڵیۆزی عێراق دەڵێت، "هەردوو نوێنەرایەتی ساڵانە لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی وەکو نەورۆز، لە پاریس ئاهەنگی تایبەت ساز دەکەن و ئەمڕۆ ئێوارەش ئاهەنگی نەورۆزیان لەناو پەرلەمانی فەرەنسا ئامادە کردووە".