بارسێلۆنا شۆرشێک بەرپا دەکات

بارسێلۆنا
بارسێلۆنا

بارسێلۆنا هاوینی داهاتوو دەستبەرداری شەش لە یاریزانەکانی دەبێت و دیەوێت شۆرشێکی گەورە، لە پێناو بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر لە یانەکەی بەرپا بکات.

کارگێری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، بڕیاریداوە هاوینی داهاتوو دەستبەرداری بەشێك لە یاریزانەکانی بێت، ئەمیش لە پێناو ئەوەی باری دارایی یانەکەی باشتر بکات و لە بەرامبەردا بتوانێت چەند یاریزانێکی نوێ، بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی زانیاری دەستکەوتووە، کارگێری یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە سەرەتا دەستبەرداری هەردوو بەرگریکاری یانەکەی، ژول کوندێ و هەروەها ئاندریاس کریستێنسێن بێت و چاوەڕێ ئۆفەری دڵخوازی خۆیان بۆ ئەو دوو یاریزانە دەکەن.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە یانە کەتەلۆنیەکە دەیەوێت بە یەکجاری دەستبەرداری کلێمێنت لێنگلێت و ئێریک گارسیاش ببێت، لێنگلێت بە شێوەی خواستن لە ریزەکانی یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگڵتەرا و گارسیاش بە خواستن لە ریزەکانی یانەی جیرۆنا یاریی دەکەن.

سپۆرت ئەو زانیارەشی دەستکەوتووە بارسێلۆنا ئامادەیە دەستبەرداری رافینها هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەی بێت، ئەو یاریزانە بەم دواییە ئۆفەرێکی 80 ملیۆن یۆرۆیی لە خولی سعوودیە بۆ هاتووە، هەروەها یانە کەتەلۆنیەکە دەستبەرداری ئانسۆ فاتی یاریزانەکەی دەبێت، کە بە شێوەی خواستن لە ریزەکانی یانەی برایتن یاریی دەکات.