ئیخلاس دلێمی: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەغدا مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دەنێرێت

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، وەزارەتی دارایی عێراق لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دەنێرێت و کێشەی ناردنی ناوەکانیان چارە کراوە، پێشتریش بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی جەختیکردەوە لەسەر ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

ڕۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سوور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت لەبری کۆد، ناوی دەزگا ئەمنییەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام کێشەکە چارە کراوە و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی تەواوی وەزارەتەکان دەنێردرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆدی دەزگا ئەمنییەکان و پێشمەرگە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە و ئەوەی ماوەتەوە ئیمزایەکی تەیف سامیە تا مووچەکانیان خەرج بکرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزیری دارایی عیراق سوور بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لەبری کۆد، ناوی تەواوی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرین، بۆ ئەمەش فوئاد حوسێن، پەیوەندی لەگەڵ محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارە بکەن.

 ئیخلاس دلێمی گوتی: "دەبێت لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی بنێردرێت، ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی نێردراوە و تەنیا مووچەی هێزە ئەمنییەکان ماوە و دەبێت پێکەوە دابەش بکرێن، بۆیە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دەنێردرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە شاندێکی پرۆژەی هەژماری من، لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عیراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیی و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق کۆبووەتەوە، تاوەکو پرۆژەی هەژماری من فراوانتر بکرێت و ببەسترێت بە بانکە فیدراڵییەکان و بەشدار بێت لە بەئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پرۆژەی هەژماری من کرد و ڕایگەیاند:شاندەکە پرۆژەکەیان ڕوونکردنەوە و دڵنیاییان داوە لەوەی بەشداربووانی هەژماری من دەتوانن سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و هەموو بانکەکانیش متمانەپێکراون لەلایەن هەردوو بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمەریکییەوە.

بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێوسیتی بە 949 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق بە چەند قۆناغێک نزیکەی 610 ملیار دیناری ڕەوانەکردووە، بەمەش کێشەی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچە دروست بووە.

ڕۆژی (24ـی ئاداری 2023) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژی كوردستان24 رایگەیاند: "لیستی هەموو مووچەخۆرانمان بۆ بەغدا ناردووە بە کۆدی هێزە ئەمنییەکانەوە و ئێستا وردبینی دەکرێت و هیچ بیانووێک نەماوەتەوە بۆ بەغدا تا تەواوکاری مووچەی مانگی شوبات ڕەوانە نەکات". ئاشكراشی كرد، چاوەڕێ دەکەن ئەم هەفتەیە پارەی ماوە بۆ مووچە بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.