یاریزانێکی کورد دەیەوێت هاوشێوەی مێسی بۆ بکرێت

مەحمود داود یاریزانی هەڵبژاردەی سوریا
مەحمود داود یاریزانی هەڵبژاردەی سوریا

مەحمود داوود یاریزانی بە رەگەز کورد کامپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی سوریای جێهێشت و ئامادەنیە یاریی بۆ ئەم هەڵبژاردەیە بکات.

مەحمود داود یاریزانی ئەڵمانی بە رەگەز کوردی لە دایکبووی رۆژاوای کوردستان، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بڕیاریدا یاریی بۆ هەڵبژاردەی سوریا بکات، بۆیە لەلایەن هێکتۆر کوپێر راهێنەری ئەرجەنتینی هەڵبژاردەکە بانگهێشتکرا، بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 و هەروەها جامی ئاسیای 2027، بەڵام هەر زوو ئەو یاریزانە کوردە لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و کامپی مەشق و راهێنانەکانی سوریای جێهێشت.

ماڵپەری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێ سوریا بڵاویکردەوە، مەحمود داود مەرجی زۆر سەیر و قورسی هەبوو بۆ یاریی کردن لە ریزی هەڵبژاردەکەیان و نەدەکرا ئەو مەرجانەی ئەو داوای دەکات، ئەستەمە بۆ هیچ یاریزانێکی جیهانی جێبەجێ بکرێت.

سەرچاوەکان بڵاویان کردووەتەوە، یەکێک لەو مەرجانەی کە مەحمود داود هەیەتی، ئەوەیە کە پاسەوانە تایبەتەکە کە خزمێکی نزیک لە خۆیەتی، بەردەوام لە کاتی یارییەکان و راهێنانەکان لەگەڵی بێت، هەروەها مەرجی دیکەش ئەوەیە راهێنەری هەڵبژاردەی سوریا بگۆردرێت.

مەحمود داود لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا کرد و لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداری 141 یاریکرد و توانی 5 گۆڵ و 17 ئاسیست تۆمار بکات، ئەو یاریزانە لە ساڵی 2023 روویکردە ریزەکانی یانەی برایتنی ئینگڵتەرا و هاوینی رابردووش بە شێوەی خواستن گەڕایەوە ئەڵمانیا و پەیوەندی بە شتوتگارت کرد.