وەزیری بەرگریی عێراق: هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیادا نییە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پەکەکە

سابت عەباس، وەزیری بەرگری عێراق
سابت عەباس، وەزیری بەرگری عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێوەی پلەبەندی، یەکێک دەبێت لە تەوەری گفتوگۆکان و ئاشکراشی کرد: هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیادا نییە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پەکەکە.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی "الحدث"ـی عەرەبی، سابت عەباس، وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: یەکێک لە تەوەرە لە پێشینەکان کە لەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە مانگی نیسانی داهاتوودا باسی لێوە دەکرێت، پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق بەشێوەی پلەبەندی.

وەزیری بەرگریی عێراق باسی لەوە کردووە: ئەمەریکا بیر لە ڕێگە و کاتی کشانەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی دەکاتەوە و لەو بارەوە گفتوگۆکان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن.

هەروەها وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکرای کردووە: لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتووین جیاوازی بکرێت لە گۆڕەپانی عێراق و سووریا سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بە ئاماژەدان بە ڕوانگەی ئەمەریکا دەشڵێت: ڕەنگە گۆڕەپانی سووریا پێویستی بەمانەوەی ئەو هێزانە هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سابت عەباس، وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە: هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیادا نییە بۆ  ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پەکەکە، تەنیا ئەوە نەبێت لایەنی تورکیا پێی وایە ئەگەر دڵنیایی ئەمنیی لە سنوورە هاوبەشەکانمان هەبێت، مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق پێویست نابێت.

هاوکات وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، دەستوور ڕێگە نادات هێزە ئەمنییەکان دەستوەردان لە بواری سیاسییدا بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، پابەند دەبن بە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازیی سوپای عێراق.

لێدوانی وەزیری بەرگریی عێراق لە کاتێکدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاندبوو: داعش لە عێراق هێشتا هەڕەشەیەکی جددییە و نیشانی دەدات کە پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درێژە بە ئەرکەکانی بدات، ناوبراو ڕاشیگەیاندبوو، ئەمەریکا و عێراق پلانی هاوبەشی ئەمنی بۆ شکستپێهێنانی تەواوەتی داعش دادەڕێژن.

هەروەها ڕۆژی (14ـی ئاداری 2024) لە بەغدا، کۆبوونەوەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتنە بەغدا و لە لایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازییان لێکرا و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە: بڕیاردرا هه‌وڵه‌كان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ڕێكکه‌وتنی هاوبه‌ش چڕبكرێنه‌وه‌ کە ته‌واوی پرسه‌ گرنگه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ردوو وڵات له‌خۆ بگرێت.