لە پەرلەمانی فەرەنسا یادی نەورۆز كرایه‌وه‌

یادی نەورۆز لە پەرلەمانی فەرەنسا دەکرێتەوە
یادی نەورۆز لە پەرلەمانی فەرەنسا دەکرێتەوە

K24 - پاریس:

یادی جەژنی نەورۆز لە پەرلەمانی فەرەنسا کرایەوە، لەو بارەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەورۆز زۆر مانادارە و ڕۆژی تازەیە و دژی چەوساندنەوەیە.

ئەمڕۆ (سێشەممە 26ـی ئاداری 2024) لە پەرلەمانی فەرەنسا بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، وەدیع ئەلبەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا و بەرپرسانی فەرەنسی، یادیی جەژنی نەورۆز کرایەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەورۆز یەکێک لەو ڕۆژانەیە کە خەڵکی کوردستان زۆر بایەخی پێ دەدەن، هەروەها بۆ خەڵکی کوردستان زۆر مانادارە و ڕۆژی تازەیە و دژی چەوساندنەوەیە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە لە وڵاتانی دیکەش هاوشێوەی فەرەنسا، یادە خۆشەکانی کوردستان بکرێتەوە نەک بە تەنیا یادە ناخۆشەکانی.

سەفین دزەیی، لەبارەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند: نائومێد نین لەوەی کە کێشەکانی نێوانیان چارە نەکرێن. گوتیشی، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت کێشەکان بە زووترین کات چارە دەکرێن.

64
956