ڕیاڵ مەدرید نزیکەی 2 ملیار یۆرۆی قەرز کردووە

یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ
یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ

ڕیاڵ مەدرید لە پێناو نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، نزیکەی 2 ملیار یۆرۆی قەرز کردووە و دەبێت لە ماوەی 30 ساڵدا ئەو پارەیەی بۆ نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی قەرز کردووە، بداتەوە.

ساڵی 2019 کارگێڕیی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاری دا یاریگای تایبەت بە یانەکەیان نۆژەن بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی 1 ملیار و 760 ملیۆن یۆرۆیان لە چەند بانک و کۆمپانیایەک قەرز کردووە و پێویستە لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوو، واتە تاوەکو ساڵی 2053 یانە شاهانەکە ئەو هەموو قەرزانەی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی کردووە، بداتەوە.

یانە شاهانەکە قەرزی یەکەمی لە ساڵی 2019 وەگرت کە بڕەکەی 575 ملیۆن یۆرۆیە، هەروەها قەرزی دووەمیشی لە ساڵی 2021 بوو کە بڕەکەی 225 ملیۆن یۆرۆ بوو و کۆتا قەرزەکەشی لە ساڵی 2023 بوو کە ئەویشیان 370 ملیۆن یۆرۆ بوو.

بە گوێرەی  ڕاپۆریی دارایی ساڵانەی ڕیاڵ مەدرید، کە بڵاوکراوەتەوە، ئەو یانە ساڵانە 66 ملیۆن یۆرۆ لە قەرزەکانی دەداتەوە و تاوەکو ساڵی 2053 هەموو قەرزەکانی (بە سوودەکانییەوە) دەداتەوە.

یانە شاهانەکە دەیەوێت لە ڕێگەی جیاوازەوە داهات بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە کۆ بکاتەوە، لەوانەش بۆنەی وەرزشیی و هونەریی و چەندان ڕێگەی دیکەی جیاواز.