کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: هێرشی رەگەزپەرستانە بۆ سەر کوردانی بەلجیکا قبووڵ ناکرێت

لۆگۆی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
لۆگۆی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی

K24 – هەولێر:

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی راگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر چەند خێزان و گەنجێکی کورد لە بەلجیکا بڵاودەکاتەوە، کە لەلایەن تورکە نەژادپەرستەکانەوە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە هێرشیان کرابووەسەر.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە 2024-03-25 کۆمەڵێک گەنجی کورد بەئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردیەوە و بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لەسەر شەقامەکانی (لۆڤن) خۆپێشاندانیان کرد. هەر ئەوەش بوو بەهۆکاری ئەوەی کە تورکە نەژادپەرستەکان هێرش بکەنە سەر خێزانێکی  کورد و لەو هێرشەدا پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندبوون، تەنانەت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە توندڕەویەکانی تورک پۆلیس پارێزگاری ئەو ماڵەی کردووە. ئەو ڕووداوە لە شاری (لۆڤن )ەوە گواستراوەتەوە بۆ شارەکانی هاسل و برۆکسل و چەند ڕۆژێکیشە هێرشەکانی ئەو گرووپە نەژادپەرستانە بەردەوامن و لەئاکامی ئەو هێرشانەشدا دوو ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە برۆکسل بریندار بوون.

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە راگەیەندراوەکەیدا، هەموو جۆرە توندوتیژیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەسەر خەبات و چالاکی ئاشتییانە و دیموکراتی و مۆدێرن و نووسیویەتی: "گومان لەوەدا نییە کە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز مافێکی ڕەوای گەلەکەمانە و هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگە بکات".

هەروەها کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بەتوندی ئەو هێرشە توندئاژۆیانە ڕیسوا و شەرمەزار دەکات و هێرشی لەو جۆرەش لەپایتەختی ئەورووپا جێگای قبووڵکردن نییە. داواش لە ڕەوەندی کوردی بەلجیکا دەکەین کە بەڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە دژ بەو هێرشە ڕەگەزپەرست و نەژادپەرستانە هەڵوێست وەربگرن و ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە بکەن، و خۆیان لە بەکارهێنانی توند و تیژی بە دوور بگرن، چونکە هێرشکردنە سەر دوکان و تێکدانی سیمای شارەکە، لەبەرژەوەندی دۆزی کوردا نییە و خزمەت بە نەژادپەرستان دەکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە: گەلی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی ئەو دونیایە، مافی ئەوەی هەیە کە ئاهەنگەکانی نەتەوەیی و ئایینی خۆی بەجلوبەرگی کوردی پیرۆز بکات، کورد هەردەم ئاشتیخوازبووە و داواش لە خێزانە تورکەکان دەکەین کە چیتر منداڵەکانیان لەسەر توند و تیژی و دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تر ڕا نەهێنن، و واز لە میتودی سڕینەوەی کورد بهێنن، چونکە هەرگیز بوونی کورد نەسڕاوەتەوە و ناشسڕێتەوە.

هاوکات کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوا لە وڵاتی بەلجیکا دەکات لەڕێگای دەزگا ئەمنیەکانییەوە ڕێگری لەهەموو جۆرە توند و تیژیەک بکەن و سەروماڵی کوردستانیان بپارێزن و کار بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر کوردستانیان و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و سزایان بدەن.